عێراق
رۆژی شەممە 10-02-2024 پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی لەبارەی هێرشەکانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی کرد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەسەر ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکەی پەرلەمان، هیچ فراکسیۆنێکی لایەنە شیعەکان بە فەرمی پێیان رانەگەیاندوون دەنگ بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە نادەن.
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 15ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تائێستا بە فەرمی هیچ فراکسیۆنێکی لایەنە شیعەکان پێیان رانەگەیاندوون، دەنگ بە هەمووارکردنەوەی یاسای بودجەی نادەن و ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان نابن، لەبەرئەوەی نوێنەرانی کورد بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقییان نەکرد، کە لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بوو.
گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئەو قسانەی باس کراون، تەنیا لێدوان و قسەی هەندێک لە پەرلەمانتارەکانیان بوون، ناکرێت مووچەی فەرمانبەران و بژێوی خەڵک تێکەڵ بە بابەتێکی سیاسی بکرێت.
رۆژی شەممە 10-02-2024 پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی لەبارەی هێرشەکانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی کرد. دانیشتنەکە زیاتر لە 100 واژۆی بۆ کۆکرابووەوە، بەڵام کەمتر لە 80 پەرلەمانتار لە هۆڵەکەدا ئامادەبوون. ئەوە لەکاتێکدایە ژمارەی پەرلەمانتارە شیعەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق 199 پەرلەمانتارە. فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە موسەننا ئەمین و سۆران عومەر هیچ کەسێکی دیکەیان ئامادەنەبوو و سوننەکانیش تەنیا یەک پەرلەمانتاریان بەشداریی کردووە.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوایەکی ئاراستەی لیژنەکانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری کرد کە واژۆی زیاتر لە 100 نوێنەری لەسەر بوو، سەبارەت بە یاسایەکی پێشنیازکراو بۆ دوورخستنەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هاوکاریکردنی لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت، بۆ خێراکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق. هەروەها پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆدەبنەوە بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان بۆ گفتوگۆ، هەروەها لیژنەکانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری راپۆرتێک لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەیاسای گۆڕینی ئەرکی هێزە بیانییەکان دەدەنە پەرلەمان.
رۆژی دووشەممە 12ـی شوباتی 2024، محەممەد موحی، گوتەبێژی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، خەڵکی عێراق ئاگاداری دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بوون، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بابەتی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ستایشی پەرلەمانتاران بە گشتی دەکەن، کە داوای کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.
هەروەک هەڵوێستی ئەوانەش لەبەرچاودەگرن کە لە دانیشتنەکەدا ئامادە نەبوون بەهۆی "دەستوەردانی ئەمریکی پیس کە هەژموونی بەسەریانەوە هەیە، لەگەڵ هەژموونی ئیسرائیل و عەرەبەکانی کەنداو، ئەوەش پاڵنەر و هاندەرێکی دیکەمان دەبێت تاوەکو کاری جدی بکەین بۆ رزگارکردنی بڕیاری سیاسی نەک لە ئاسمان و خاکی عێراق لەدەست داگیرکاریی ئەمریکا، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواو بۆ عێراق لە هەژموون و مۆنۆپۆڵکردنی لەلایەن هێزی میحوەری شەڕەوە."
شەوی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024 ئەبو باقر ساعیدی یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە بەئامانجکرا و کوژرا. کوژرانی ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵا، کاردانەوەی تووندی بەشێک شیعەکانی لێکەوتەوە و هەندێکیان داوایان کرد دەستبەجێ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ