رووداو دیجیتاڵ
بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان یەکێک لە دیارترین ژمارەکانی نێو بودجەی گشتیی عێراقە، کە پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە. بەپێی یاسای بودجە دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخاندەرێت، بەڵام ئەگەری زیادبوونی ژمارەکە هەیە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکراوە، هەرێمی کوردستان 11%ـە، نەک 12.67% کە پشکی هەرێمی کوردستانە، 276 ملیار دینار بەشی هەرێمی کوردستانە. دوای چەندین کۆبوونەوە، زانیاریمان هەیە رێککەوتن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنی سیاسی و پارێزگاکان کراوە، بۆئەوەی ببێتە 4 تاوەکو 5 تریلیۆن دینار. بۆ هەرێمی کوردستان لە 276 ملیار دینارەوە ئەگەر چوار تریلیۆن دینار بێت، دەچێتە 440 ملیار دینار لەسەر رێژەی 11%، ئەگەر بکرێتە پێنج تریلیۆن دینار، ئەوە دەکاتە 550 ملیار دیناری عێراقی."
رێژەى هەژارى و ژمارەى دانیشتووان دوو پێوەری سەرەکین بۆ دابەشکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، هێشتا روون نییە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی چەند پارەی لەو بودجەیە بەردەکەوێت، بەڵام فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە رووداوی گوت، پارەکان زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت، بەتایبەت بۆ پڕۆژە راوەستاوەکان.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ریزبەندیی یەکەم دەدەین بەو پڕۆژانەی کە تەواو نەکراون، لە ساڵی 2014 کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیمان هەبووە و بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان ئەم پڕۆژانە وەستاون و هەموویان گرێبەستیان لەسەرە، بەشێکیان 50% جێبەجێ کراون و بەشێکیان 70% جێبەجێ کراون، هەندێکیشیان 20% و بەرەوسەرن، بۆیە ریزبەندیی یەکەم دەدەین بەو پڕۆژانە و دواتریش پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان."
لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پڕۆژەکان زیاتر تایبەت دەبن بە ژێرخانى ئابوورى و ئەو ناوچانەى زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە، 20%ی پارەى بودجەکە بۆ پڕۆژەى نوێ و 80%یشی بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان دەبن.
ساڵى 2022 لە پڕۆژەیاساى پاڵپشتیی خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان 10 تریلیۆن دینار بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان دیاریکرابوو، ئەمەش 75%ی لەو بڕە زیاترە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى ئەمساڵ داندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ