رووداو دیجیتاڵ
باسکردنی پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان لە خشتە 20 بڕگەییەکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا نییە، بەڵام ئەگەر هەیە وەک پرسێکی "لەناکاو" لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ بکرێت، ئەگەر لیژنە وەزارییەکەی عێراق لەوبارەیەوە راسپاردەی هەبێت.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی تەممووزی 2025، بڕیارە 20 بڕگە بێت، کە زۆرینەیان ئابوورین.
لەو 20 بڕگەیەدا باس لە پێشکێشکردنی راسپاردەی لیژنە پێنج وەزارییەکەی عێراق نەکراوە، کە هەفتەیەک لەمەوبەر پێکهات بۆ یەکخستنی رەشنووسى داواکارییەکانی بەغدا و هەولێر لەبارەی پرسی نەوت و چارەسەریی کێشەی مووچە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەگەر لیژنەکە تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بگاتە ئەنجام لە ئامادەکردنی راسپاردە لەبارەی هەردوو رەشنووسى داواکارییەکانی بەغدا و هەولێر، ئەگەری زۆرە لە کۆتایی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بخرێتەڕوو".
لیژنەکە 8ـی تەممووز پێکهێنرا بۆ ئەوەی هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەی داواکارییەکانی نێوانیانەوە لەبارەی پرسی نەوت و مووچە یەکبخەن، رۆژێک دواتر کۆبوونەوە.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و ئەندامێتیی نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەنگین رێکانی، وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، خالید بەتال، وەزیری پیشەسازیی و کانزاکان و خالید شوانی، وەزیری داد بوو.
ئەگەرچی دەنگۆی گەشتکردنی محەممەد تەمیم هەیە بۆ دەرەوەی عێراق، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پلاندانان بە رووداوی گوت: "جەنابی وەزیر لێرەیە و گەشتی نەکردووە".
بەگوێرەی ئەجێندای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەنگ دەدرێت لەبارەی ئەو گەنمەی شیاوی بەکارهێنان نییە، بەجۆرێک: ئەوانەی بۆ ئالیکی ئاژەڵیش ناشێن، دەکرێنە پەین و بە جووتیاران دەفرۆشرێنەوە. هەروەها 49.6 ملیۆن تۆن گەنمی دیکەی نەشیاو بۆ بەکارهێنان، بە دوو کۆمپانیای کەنەدى ەفرۆشرێت کە نرخی هەر تۆنێکی 20 هەزار دینارە.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی کە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری لێدەدرێت، هەمواری بڕیارێکی پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانە، بۆ ئەوەی لێخۆشبوون لە کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکان ماوەی نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2019 بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ