رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "رێکاری گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر."
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەردوو کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسنک لە دهۆک دەکەین."
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، "دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییە زەقانە هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و بنەماکانی ئابوورییش لاواز دەکات. ئەمە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییە گشتییەکانی دەوڵەت و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان."
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا هاتووە، "پێویستە هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی دامەزراوە ئابوورییەکانمان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کاری کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان لە وڵات بدرێت."
سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "رێکاری گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەران و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی تیرۆریستیی لەم شێوەیە کە هەڕەشە لە ئابووریی عێراق و ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی دەکات."
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تەممووزی 2025 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشێکی "تیرۆریستی" کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک لە سنووری پارێزگای دهۆک.
هێرشەکەی سەر کێڵگەی سەرسنک دوای ئەو هێرشە هات کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە کرایە سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 11 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ