رووداو-هەولێر
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ فوئاد حوسێن ژمارەیەک سەرکردەی باڵای عێراق دەبینن.
هەڵكەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەوروبەری کاژێر 8:50 خولەکی ئەمشەو بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە بەغدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە ژمارەیەک کۆبوونەوە دەکەن و ئامانجیش تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆیان.
هەر ئەمشەو بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فایەف زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دواتریش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق. دواتریش فوئاد حوسێن گەیشتە شوێنەکە و کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، بافڵ جەلال تاڵەبانی و فوئاد حوسێن دەستیپێکرد.
هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکان سبەی چوارشەممە درێژەیان دەبێ و "چاوەڕوان دەکرێ بافڵ تاڵەبانی و فوئاد حوسێن چاویان بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکەوێ".
وەک هەڵکەوت عەزیز گوتی، محەممەد شیاع سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ سەرەتا پرسی نەوت یەکلایی بکرێتەوە و پاشان دەست بە خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێ.
بە گوتەی بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە ئەو جیاوازییەی لەنێوان رەشنووسەکەی حکومەتی عێراق و رەشنووسەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت نەهێڵدرێ.
هەڵکەوت عەزیز گوتی، ئامانجەکە ئەوەیە بڕی نەوتی رادەستکراو بە کۆمپانیای سۆمۆ و ئەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێ، یەکلایی بکرێتەوە و ئەو کاتە "راسپاردەیەکی نوێ و رەشنووسێکی نوێ ئامادە دەکرێ و لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دەدرێ. ئەگەر ئەوە روویدا، هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکاری ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێ".
ئەوەی کە پەیوەندی بە کۆبوونەوەکەی محەممەد شیاع سوودانی و بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە هەیە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، "باسی چەندین دۆسیە و پرسی نیشتمانی کراوە، بەتایبەتی پرسی رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها مووچەی فەرمانبەران".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە "بەگوێرەی رێکاری دەستووری و یاسایی و بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەو بارەیەوە."
مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە "پێویستە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەنگدانەوەی راستەقینەی خواستی گەلی عێراق بێت، لەڕێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانیانەوە لە پەرلەمان."
سەردانەکە لە کاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و تێیدا باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرا.
سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەکە ئەم ئێوارەیە بە رووداوی گوت، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە فوئاد حوسێن ماوەتەوە و دوو قۆڵی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە و لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان کردووە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنرا بۆ ئەوەى هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەى داواکارییەکانى نێوانیان لەبارەى پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانانە بە ئەندامییەتی هەریەک لە بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی.
سەرچاوەکە گوتی:" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە حکومییەکە هیچیان پێشکێش نەکرد، چونکە نەگەیشتوونەتە ئەنجام و تەنیا یەک کۆبوونەوەیان کردووە".
هەر ئەمڕۆ، عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە و دیاریش نییە کەی دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 5 و 6 و 7یان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ