رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارى وەزیرى دارایی عێراق 20 فەرمانبەرى بانکى رافیدەین بەهۆى دیارنەمانى نزیکەى 500 ملیۆن دۆلار لە لقى ئەو بانکە لەنێو فڕۆکەخانەى بەغدا، لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لە 11ى ئەیلوولى 2023 دەریکردووە، بڕیاریداوە بە دەستپێلەکارکێشانەوەی 20 فەرمانبەرى بانکى رافیدەین.
لە لیستى ئەو 20 فەرمانبەرە سزادراوانەدا، چوار فەرمانبەریان ژنن، ئەو بڕیارەش ماناى دوورخستنەوەیانە لەو ئەرکەى کە پێیانسپێردراوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو بڕیارەى وەزیرى دارایی عێراق پەیوەندارە بە دۆسیەیەکى گەندەڵى کە لە لقى بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا روویداوە و بەهۆیەوە نزیکەى 500 هەزار دۆلار دیارنەماوە.
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق، لە 17ى نیسانى 2023 لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە تایبەت بە راکێشانى 500 هەزار دۆلار لە لقى بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا و دەرکەوتووە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى ئەو لقەى بانکەکە و ئەندامانى خێزانەکانیان دۆلاریان راکێشاوە بێ ئەوەى گەشت بکەن و هەندێکى دیکەیان دۆلاریان راکێشاوە بێ ئەوەى بەڵگەنامە هەبێت بیسەلمێنێت لەبرى ئەوە دیناریان داناوە؛ هەندێکى دیکەش لەبرى بەکارهێنانی پاسپۆرت، بە کارتى نیشتیمانى دۆلاریان راکێشاوە.
نووسراوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق دیارنەمانی ئەو پارەیەى بە "دزی" و بە "بەقاچاخبردن"ـی دۆلار هەژمار کردووە.
هەر گەشتیارێکى عێراقى بۆ دەرەوەى عێراق گەشت بکات، دەتوانێت بڕى سێ هەزار دۆلار لە بانکى ناوەندیى عێراق بکڕێت بە نرخى فەرمى کە 1310 دینارە بەرامبەر بە دۆلارێک بۆ ئەوەى لە گەشتەکەیدا خەرجى بکات، لە کاتێکدا بەهاى 100 دۆلار لە بازاڕى نێوخۆییدا زیاتر لە 155 هەزار دینارە.
گەشتیاران دەتوانن لە لقەکانى بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەکان ئەو پارەیە رابکێشن بەو مەرجەى بەڵگەنامەى فەرمیی وەک پاسپۆرت و تیکتى فڕۆکە پێشکێش بکەن کە بیسەلمێنێت گەشت بۆ دەرەوە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ