رووداو دیجیتاڵ
جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، دەستەى دەستپاکى پێى راگەیاندوون، 62 پەرلەمانتار تاوەکو ئێستا فۆڕمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامانیان بۆ ساڵى 2023 پڕ نەکردووەتەوە.
کەریم شوکر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ لەگەڵ بەرپرسانى دەستەى دەستپاکیى عێراق کۆبوونەوە، پێیانڕاگەیاندوون کە 62 ئەندامى پەرلەمانى عێراق فۆڕمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامانیان بۆ ساڵى 2023 پڕنەکردووەتەوە، لە کاتێکدا دەبووایە لەسەرەتاى ئەمساڵدا فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.
کەریم شوکر گوتی: "بەرپرسانى دەستەى دەستپاکى ناوى 62 پەرلەمانتارکەیان نەداوینەتێ و گوتیان تەنیا بۆ ئەوەى ئاگادارى ئەوە بن".
بەگوێرەى یاسای دەستەى دەستپاکیى عێراق دەبێت سەرجەم بەرپرسان لە بەڕێوەبەرانى گشتى هەتاوەکو سەرۆکۆمار ساڵانە فۆڕمێکى تایبەت بە وردەکاری زانیاریی سەروەت و سامانیان پڕ بکەنەوە و رەوانەى دەستەى دەستپاکى بکەن. بۆ ئەوەى ئەگەر زیادبوونى نائاسایی لە سامانەکانیاندا هەبێت، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى نیوەى ساڵى 2023ى دەستەى دەستپاکى کە لە 2ى کانوونى دووەم بۆ 30ى حویزەیرانە، لەکۆى 329 ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق تاوەکو ئەو کاتە 107 پەرلەمانتار ئەو فۆڕمەیان پڕنەکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ