رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی "سەرکردەکانی سەرکەوتن"دەستگیر کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و دیسپلینی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە و ئاسایشی خۆپارێزی تۆمەتبارەکەیان لەکاتی دڕاندنی وێنەی سەرکردەکانی سەرکەوتندا دەستگیرکردووە.
بە گوتەی دەستەی حەشدی شەعبی تۆمەتبارەکە، راستەوخۆ رەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی. "ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە تاکەکەسین و گوزارشت لە رای گشتیی هاووڵاتییان ناکەن."
ئاسایشی حەشدی شەعبی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و بەشداربن لە پتەوکردنی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە سامانی وڵات و سیمبوولەکانی.
حەشدی شەعبی دەستەواژەی "سەرکردەکانی سەرکەوتن" (قادة النصر) بۆ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەکاردەهێنێت. کە هەردووکیان رۆژی 3ـی کانوونی دووەمی 2020، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ