رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە رووداوى هێرشکردنە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پێکبهێنێت؛ داوا لە حکومەت و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانیش دەکات "بەپەلە" کار بکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێنە سەر عێراق.
16ى کانوونى دووەمى 2024 سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەى بۆردوومانکردنى چەند شوێنێکی هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستانى بە "مووشەکى بالیستیى ئێران" کرد و بە "تاوان" ناوى برد.
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق داواى لە حکومەتى فیدراڵى و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد "بەپەلە" کار بکەن بۆ رێگریکردن لەو هێرشانەی لە دەرەوە دەکرێن، سەروەریى نیشتمانیى عێراق بپارێزن و رێگرى لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە پێشێلکارییانەى وڵاتانى دراوسێ بکەن.
شەوى رابردوو سوپاى پاسدارانى ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش بریندار بوون.
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، فەرمانیان کردووە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش لەنێوان هەردوو لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەگەڵ پەیوەندییەکانى دەرەوە بۆ زانینى وردەکاریى ئەو ھێرشە و زیانە گیانی و مادییەکانى.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە 16ى کانوونى دووەم، بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێنج ئەندامى لەسەر ئەو هێرشە پێکهێندرا، کە قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەرۆکایەتى دەکات و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان تێیدا ئەندامە.
لیژنەکە سەردانى هەولێری کرد و چووە ئەو شوێنانەی بۆردوومان کرابوون و دەبێت لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆی لەبارەی ئەو ھێرشە بداتە سەرۆکوەزیرانى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ