ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق: خێزانەکەى بەغدادى لە دەرەوە گەڕێندراونەتەوە

16-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، خێزانەکەى ئەبوبەکر بەغدادى، "خەلیفەى پێشووی داعش" لە دەرەوەى وڵاتەوە گەڕێندراوەتەوە و گوتەی لێ وەرگیراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 15-02-2024 ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، خێزانى ئەبوبەکر بەغدادى لەلایەن دادگەى لێکۆڵینەوەى یەکەمى کەرخ لە دەرەوەى وڵاتەوە گەڕێندراوەتەوە عێراق، لە چوارچێوەى دۆسیەى رادەستکردنەوەى تۆمەتبارانى تیرۆر، کە هەڵاتوون.
 
بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، خێزانى ئەبوبەکر بەغدادى دەستگیر کراون و گوتەیان لێوەرگیراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردوامە بۆ ئاشکراکردنى گرنگترین نهێنییەکانى رێکخراوى داعش.
 
ئەو روونکردنەوەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری، هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەى یەکەم چاوپێکەوتنى ئەسما محەممەد، ژنى یەکەمى ئەبوبەکر بەغدادى، کە تێیدا باسی لە چەند زانیارییەکى تایبەت بە هاوژینەکەی و رێکخراوى داعش کردووە.
 
ئەسما دەڵێت، شەش منداڵى هەبووە و ئێستا سیانیان لە ژیاندا ماون.
 
ئەبوبەکر بەغدادى لە ساڵى 1999 هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەسما محەممەد کردووە، کە ژنى یەکەمى بووە، ئەوکات بەغدادى خوێندکارى ماستەر بووە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان.
 
ئەسما ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کاتە کەسێکى ئاسایی بوو، بیرى تووندڕۆیى نەبوو، بەڵام لەدواى دەستگیرکردنى لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاوە لە ساڵى 2004 و ساڵێک بەندکردنی، کەسایەتیی گۆڕاوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە