عێراق
هەڵمەت عەدالەت، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى ئاشتەوایی و هاوئاهەنگیى نێوان خێڵەکانى سنوورى ئەو پارێزگایە
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتیمانییەکى کوردى دانیشتووی قەزاى خورماتوو دەبێتە راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى ئاشتەوایی و هاوئاهەنگیى نێوان خێڵەکان؛ بەمەش ئەوە دووەم کوردە دەبێتە راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین.
نووسراوى فەرمیى وەرگرتنى ئەو پۆستە لەلایەن کوردێکەوە لە 14ى ئادار لەلایەن ئیسماعیل هەلوب پارێزگارى سەڵاحەدین دەرچووە.
هەڵمەت عەدالەت، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى ئاشتەوایی و هاوئاهەنگیى نێوان خێڵەکانى سنوورى ئەو پارێزگایە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دوێنێ سێشەممە دەستبەکار بووم وەکو راوێژکارى پارێزگار و بڕیارە 19ى ئادار ئەرکەکانم بە تەواوى پێ بڵێن."
پارێزگارى سەلاحەدین 12 راوێژکارى هەیە، کە دووانیان کوردن.
هەڵمەت عەدالەت لەدایکبووى ساڵى 1989 ى قەزاى خورماتووەو بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکانى زانکۆى ئیمام ئەعزەم بەدەستهێناوە و خوێندکارى ماستەرە لە هەمان بواردا. ئەو وەک نوێنەرى کۆمەڵى دادگەرى و لەسەر پشکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان ئەو پۆستەى وەرگرتووە.
کاوە شێخانی، راوێژکارى پارێزگارى سەلاحەدین بۆ کاروبارى ئەمنى و سەربازى لەسەر پشکى پارتى دیموکراتى کوردستان، کە ئەویش کوردە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێدانى ئەو پۆستە لەلایەن یەکێتییەوە بووە وەکو رێککەوتنى پێشوویان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری، کە بە یەک لیست بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیان کرد لە ساڵى 2021."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ