رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو دادگەی باڵای فیدڕاڵی بۆ یەکلاییکردنەوەی دوو سکاڵا لە دژی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، یەکێکیان پەیوەندیی بە ناردنی 400 ملیار دینارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان. سکاڵای دوومیشیان پەیوەندیدارە بە پارەی 18ساڵی کۆبۆنی یەکەکانی خۆراکی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2023، دادگەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی سکاڵایەکی پەرلەمانتار مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی کۆببێتەوە لە دژی بڕیاری ژمارە 333ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ خەرجکردنی بڕی 400 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لە دژی بڕیاری ژمارە 23027ـی ساڵی 2023 کە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە ئەو قەرزە لە رێگەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانییەوە دەدرێتە هەرێمی کوردستان.
سکاڵاکە ژمارەی 49/فیدڕاڵی/ 2023ـی هەیە، سکاڵاکار سکاڵاکەی لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. دوایینجار دادگەی باڵای فیدڕاڵی لە رۆژی 23ـی مانگی ئایاری ئەمساڵ داواکەی دواخست بۆ رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو.
رۆژی هەینی، 16-6-2023، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سکاڵایە رەتدەکرێتەوە، چونکە لە مادە 62ـی یاسای بودجەی ئەمساڵدا کە هەفتەی رابردوو پەرلەمان پەسندیکرد پێدانی 400 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان جێگیرکرا و پەسندکرا، بۆیە سکاڵاکە لەرووی یاساییەوە هیچ کاریگەرییەکی نەماوە."
مادەی 62ـی یاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2023 دەڵێت وەزارەتی دارایی بڕی 400 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرێت.
سکاڵای دووەم، کە دادگەی فیدڕاڵی رۆژی یەکشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2023 بۆ یەکلاییکردنەوەی کۆدەبێتەوە، تایبەتە بە پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە پێدانی پارەی فرۆشتنی یەکەکانی کۆبۆنی خۆراک لە ماوەی 01-01-2004 تاوەکو 30-09-2021، سکاڵاکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراکی عێراقەوە لەسەر هەریەک لە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان و نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئەو وەزارەتە تۆمارکراوە.
سکاڵاکار داوای پارەی 18 ساڵی فرۆشتنی یەکەکانی خۆراک لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پێیوایە سکاڵاکە ئەنجامی نابێت، چونکە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەیان کراوە و ئێستا شێوازێکی دیکە بۆ کۆکردنەوە و رادەستکردنی ئەو پارەیە کراوە و کۆتایی بەو دۆسیەیە هاتووە و داخراوە.
رۆژی سێشەممە، 13-6-2023، دادگەی فیدڕاڵی سکاڵاکەیەکی عودەی عەواد، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە، کە دژی رەزامەندیدانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دانانی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی عێراق تۆماری کردبوو.
سکاڵاکە دژی یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بوو، کە تایبەتە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی لە (Citibank) کە لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بانکی ناوەندیی عێراقە، بە "نادەستووری" هەژماربکرێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە رۆژی دووشەممە، 12ـی حوزەیران پەسندکرا، ئەو هەژمارە بانکییە لە بانکی ناوەندی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ