30 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە ئێران بۆ گەڕانەوە ناوی خۆیان تۆمارکردووە

16-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیی عێراقی کە لە ئێران نیشتەجێن ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی ناو ئێرانەوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بیانگەڕێننەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، سەلوان شنگالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەناو ئێراندا پاسمان بۆ گەڕانەوەی خەڵک گرتووە، بەڵام کۆکردنەوەیان زەحمەتە، هەندێک کەس پارەیان نییە و هەندێک ئۆتۆمبێلیش بەنزینیان نییە." 
سەلوان شنگالی ئاشکراشی کرد، هەندێک هاووڵاتیی خەلیجی، وەک کوەیتی و بەحرەینیش، ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمار کردووە. "خەڵک هەیە خوێندکارە، هەندێک کەس بۆ چارەسەر یان گەشت سەردانی ئێرانیان کردووە، بەڵام گیریان خواردووە."
 
سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە ئەورووپا ماونەتەوە، گوتی، "لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا رێککەوتووین کە بە ڤیزای ترانزێت (تێپەڕبوون)ەوە بگەڕێنرێنەوە." 
لەبارەی ئەو کەسانەی کە قەدەخەی چوونە ناو تورکیایان لەسەرە، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانیی تورکیا هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوان و پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەورووپا، تاوەکو چارەسەرێک بۆ دۆخی ئەوانیش بدۆزینەوە." گوتیشی: "بەڵام دەتوانن لە رێگەی ئوردنیشەوە بگەڕێنەوە عێراق."
 
حکومەتی عێراق، لیژنەیەکی بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات پێکهێناوە، وەزارەتی دەرەوە و گواستنەوە و دەستەی فڕۆکەوانی، ئەو کارە جێبەجێ دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە