چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا دەکات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت

16-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان جەخت لە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا دەکاتەوە و نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی "گوتاری تووندوتیژیی تائیفی" دەردەبڕێت.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر کرد، تێیدا دۆخی ئێستای وڵات، ناوچەکە، ئەو پێشهات و ئاڵنگارییانەی تاوتوێکران، کە چوارچێوەکە پێیوایە، پێویستیان بە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و یەکڕیزیییە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئامادەبووان ئەنجامی لوتکەی نائاسایی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییان لە دەوحە تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی بەدواداچوونی حکومەتی عێراق بۆ ئەو ئەنجامانە کردەوە.  هەروەها جەختیان لە کارکردن بۆ کاراکردنیان لە سەرجەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان کردەوە، بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەلەستین و کۆکردنەوەی پشتیوانیی مرۆیی و سیاسی بۆ دۆزە رەواکەیان.
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کرا و ئامادەبووان جەختیان لە پێویستیی  بەڕێوەچوونی لە وادەی دەستووریی خۆیدا کردەوە، لەگەڵ دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و مسۆگەرکردنی شەفافیەت و بێگەردیی، بەشێوەیەک کە متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت و رێڕەوی دیموکراسی بەهێزتر بکات."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێت.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی نیگەرانیی خۆیشی لە زیادبوونی گوتاری تووندوتیژیی تائیفی لە هەندێک گوتار و لێدواندا دەربڕیوە و هۆشداریی داوە لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزیی نیشتمانی. پێیوایە پاراستنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی عێراق ئەرکێکی نیشتمانییە و بەرپرسیاریێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی سەرجەم هێزە سیاسی، میدیایی و ئایینییەکان. 
 
هەروەها پیرۆزبایی لە موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد، بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە