ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی تایبەت و دوای زیاتر لە 10 مانگ چاودێریکردن و بەدواداچوونی ورد، توانیویانە یەکێک لە سەرکردەکانی داعش دەستگیربکەن، ئەوەش دوای ئەوەی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاوەتەوە عێراق.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسە لە ریزبەندی چەکدارە "زۆر مەترسیدارەکان"دایە و ناوی لە لیستی سەرکردەکانی رێکخراوەکەدا بووە. سەرەتای پەیوەندیکردنی بە گرووپە چەکدارەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 لەنێو رێکخراوی قاعیدە لە بەغدا بە نازناوی "ئەبو عەلیا".
 
ئاسایشی نیشتمانی روونیکردووەتەوە، "تۆمەتبارەکە پسپۆڕی ئامادەکردنی بۆمبی چێنراو بووە و سەرپەرشتیی مەفرەزەیەکی پێنج کەسی کردووە."
 
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو سەرکردەیەی داعش بەرپرس بووە لە بەستنی ئامێرەکانی تەقینەوە بە مۆبایلەوە و لە ماوەی کارکردنیدا لە بەغدا زیاتر لە 100 ئامێری تەقینەوەی ئامادەکردووە. هەروەها شارەزایی هەبووە لە ئەنجامدانی "تەقینەوەی دووانە"، کە شێوازێکە ئامانج لێی کوشتنی تیمەکانی فریاگوزاری و هێزە ئەمنییەکانە لە کاتی گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی شەڕەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکاندا، ئەو چەکدارە چووەتە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکووک و نازناوی خۆی گۆڕیوە بۆ "ئەبو مستەفا". لەوێ وەک بەرپرسی پەیوەندییەکان و سەرپەرشتیاری ئامادەکردن و کۆدکردنی سیستمی پەیوەندییەکان کاری کردووە، پێش ئەوەی دواتر هەڵبێت و بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە دەرەوەی عێراق خۆی بشارێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فڕۆکەیەکی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانیی یۆنان (Aegean Airlines) لە فڕۆکەخانەی بەغدا

یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە

دوای 35 ساڵ وەستان، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا.