رووداو - هەولێر
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە عێراق پێیراگەیاندین بۆ هەر وەزارەتێک پێنج بەربژێری دەستنیشان کردووە و سێ وەزارەتی کابینەکەشی داوەتە کوردی سەربەخۆ. پەرلەمانتارێکیش باس لەوە دەکات کە هێشتا سیڤیی بەربژێری پۆستە وەزارییەکان رەوانەی پەرلەمان نەرکراون.
ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کە هاوکات ئەندامی گرووپی پازدەی پەرلەمانتارانە لە بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لە عێراق پێی راگەیاندین کابینەکەی لە 22 وەزارەت پێکهاتووە و بۆ هەر وەزارەتێک پێنج بەربژێری دەستنیشان کردووە و سێ وەزارەتی کابینەکەشی داوەتە کوردی سەربەخۆ".
ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بەوە کرد، "محەممەد تۆفیق عەللاوی بە گرووپی پازدەی پەرلەمانتارانی کوردی لە بەغدا رایگەیاند، وەزارەتی کاروباری ئافرەتان لە کابینەکەی زیندوودەکاتەوە و پێنج لە پۆستە وەزارییەکانی حکومەتەی داوەتە ئافرەتان".
گرووپی پازدەی پەرلەمانتاران لە بەغدا بریتییە لە پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی، یەکگرتووی ئیسلامیی، نەوەی نوێ. ئەو گرووپە هەشت مەرجیان بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دیاریکردووە کە دیارترینیان بریتین لەوەی حکومەتی نوێی عێراق لە ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و وەزیرانی کورد لەو حکومەتە سەر بە لایەنە کوردستانییەکان نەبن و سەربەخۆبن.
ئەوە لە کاتێکدایە محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق سەرەتای ئەم هەفتە رایگەیاند، ئەم هەفتە کابینەی حکومەتی نوێی عێراق رادەگەیەنێ و جەختی کردەوە کە کابینەکەی لە کەسانی سەربەخۆ پێکهێناوە.
مەشهەدانی: کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە 22 وەزارەت پێکهاتووە
مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە 22 وەزارەت پێکهاتووە و نزیکەی 80 بەربژێر بۆ پۆستە وەزارییەکان هەن.
ئەو لێدوانەی مەشهەدانی دوای رۆژێک هات لە توویتەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق کە تێیدا رایگەیاند، ئەم هەفتە کابینەی حکومەتی نوێی عێراق رادەگەیەنێت و جەختی کردەوە، کابینەکەی لە کەسانی سەربەخۆ پێکهێناوە.
مەحموود مەشهەدانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "محەممەد تۆفیق عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لیستێکی لە 80 بەربژێر ئامادە کردووە و لە چەند کاژێری داهاتوودا پێشکەشی پەرلەمانی دەکات بۆ دەستنیشانکردنی 22 وەزیر لەو لیستە".
مەشهەدانی ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە پاڵپشتیکاری حکومەتەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوین، بووەتە دووهێندە و گەیشتووەتە 170 پەرلەمانتار، کەچی ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەو فراکسیۆنانەی کە دژبەرن، دەگاتە 158 پەرلەمانتار و بەشێکیان لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بێنە پاڵ بەرەی لایەنگری عەللاوی".
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، "ژمارەی ئەو پەرلەمانتارە سوننانەی کە پاڵپشتیی حکومەتەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی دەکەن گەیشتووەتە 35 پەرلەمانتار لە کۆی 70 پەرلەمانتار و عەللاوی 11 وەزارەتی داوەتە شیعە و شەش وەزارەتی کابینەکەی داوەتە سوننە و پێنج وەزارەتیشی داوەتە کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان دەبێت".
مەحموود مەشهەدانیئەوەی خستەڕوو، "بەشێک لە پەرلەمانتارانی پێکهاتەی سوننە و کورد ناڕازین لە شێوازی دەستنیشانکردنی وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان بەتایبەت پێیوایە وەزیرەکانی سیاسەتڤانن و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەغدا، بۆیە نابێت هیچ لایەنێک جگە لە پارتی ئەوان دەستنیشان بکات".
پەرلەمانتارێک: سیڤیی وەزیرەکان نەگەیشتووەتە دەست پەرلەمانتاران
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا سیڤیی وەزیرەکانی کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی رادەستی پەرلەمانتاران نەکراوە.
نەدا شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا سیڤیی وەزیرەکانی کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی رادەستی پەرلەمانتاران نەکراوە، بۆیە پەرلەمانتاران زانیارییان لەسەر ناوی وەزیرەکان نییە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان سیڤیی وەزیرەکان بگاتە دەست پەرلەمانتاران. تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیارینەکراوە تاوەکو دەنگ لەسەر کابینەی وەزارەیی محەممەد عەللاوی بدرێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، محەممەد تۆفیق عەللاوی کابینە وەزارییەکەی رەوانەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کردووە. لە کابینە وەزارییەکەدا پێنج ئافرەت هەن کە هەموویان سەربەخۆن و ئەگەری هەیە لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات.
پەرلەمانتارێکی فەتح: کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەللاوی دەکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو
فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری رایگەیاند، تاوەکو ئێستا کابینەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی بەتەواوی پێکنەهاتووە، چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ حیزبە کوردی و سوننییەکان دەکرێت.
بە گوتەی فەتلاوی، حیزبە کوردی و سوننییەکان گوشار دەکەن بۆ ئەوەی ناوی دیاریکراو بسەپێنن، ئەمەش محەممەد عەللاویی لە پێکهێنانی حکومەت دواخستووە و چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات.
پەرلەمانتارەکەی فەتح دەشڵێت، ناو و سیڤیی وەزیرەکان رادەستی پەرلەمانتاران دەکرێن، دواتر وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاری دەکرێت کە کۆتایی هەفتەی داهاتوو پەرلەمان کۆدەبێتەوە، دەنگ لەسەر کابینەی وەزاری دەدرێت.
مالیکی: دەبێت هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکبخرێن
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختی کردەوە لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هێزە سیاسی و جەماوەرییەکان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و رەخساندنی زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەڵبژێردراو کە جێگەی پشتیوانیی هەمووان بێت و بتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەشبکات و داواکاریی جەماوەر جێبەجێ بکات لە دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە عێراقدا.
ئەو قسانەی نووری مالیکی لەو دیدارەدا بوو کە لەگەڵ خوان خۆسێ ئیسکۆبار، باڵیۆزی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. هەردوولا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان کرد.
لای خۆیەوە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پشتوانیکردن لە هەوڵەکان لەبارەی هێورکردنی دۆخەکە و دوورخستنەوەی قەیرانەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.
پەرلەمانتاریكی سادیقوون: چەند مەرجێك بۆ كابینەكەی حكومەتی عەلاوی دیاریدەكات
محەممەد كەریم بەلداوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دەبێت بەرنامەی حكومەتەكەی عەللاوی لە ئاست قۆناخی داهاتوودا بێت و چارەسەركردنی قەیرانی ئەمڕۆ لەخۆبگرێت. سەرەڕای جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمان لەبارەی دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، تەواوكردنی رێككەوتننامەی چین، دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، گەڕانەوەی ئاساییش و سەقامگیری بۆ ناوچەكانی بەغدا و ناوەڕاست و باشوور و پاراستنی دەستكەوتەكانی شەڕی داعش".
لەبارەی بەربژێركردنی كەسایەتییەكانەوە بۆ پۆستە وەزارییەكان، پەرلەمانتارەکەی فراكسیۆنی سادیقوون گوتی، "هاوپەیمانیی فەتح و فراكسیۆنی سادیقوون دەستبەردرای مەرج و بەركەوتەی هەڵبژاردنیان دەبن و دەست لە كابینەی حكومیی نوێ وەرنادەن. هیچ ناوێكیش بۆ سەرۆكوەزیران ناخەنەڕوو و سەرۆكوەزیران سەرپشك دەكەن لە هەڵبژاردنی كابینەكەی، بەڵام دەبێت كەسایەتیی بەتوانا و پیشەیی و بێلایەن بن، لە بواری كارەكەیاندا پسپۆڕبن، هیچ دۆسیەی گەندەڵییان لەسەر نەبێت. ئەگەر ئەو مەرجانەیان تێدابێت، ئامادەین بۆ دەنگدان بە كابینەی حكومەت".
محەممەد كەریم بەلداوی ئاماژەی بەوەش كرد، " عەللاوی لە پێكهێنانی كابینە وەزاریەكەی رەچاوی هەموو پێكهاتەكانی كردوە، واتە نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراق لەخۆدەگرێت بە كۆتای ژنانیشەوە".
پەرلەمانتارێكی سائیروون: رەتكردنەوەی عەللاوی لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن دروست نییە
سەباح عەگیلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رەتكردنەوەی راسپاردنی محمەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە دروست نییە، چونكە پێشتر ناو و وێنەی عەللاوی لەلایەن ئەوانەوە بەرزكرایەوە، بەڵام ئەو گرژییەی هێزە بیانییەكان، بەتایبەتی ئەمریكییەكان لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن دروستیان كرد کە هۆكاری رەتكردنەوەی هەموو بەربژێرەكان بوو".
هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانیی سائیروون باسی لەوە کرد، "جۆرێك رەتكردنەوەش لەلایەن فراكسیۆنە كوردی و سوننەكانەوە هەیە. خوازیارین ئەو پرسە بە زووترین كات چارەسەر بكرێت، چونكە ئەوە كارێكی هاوبەشە بۆ بەدیهێنانی داواكاریی خۆپێشاندەرانی راستەقینە، ئێمەش دەمانەوێت بەپێی توانا لە قۆناخی داهاتوودا چاكسازی بكەین".
لەبارەی توانای عەللاوییەوە لە جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران لە قۆناخی داهاتوودا سەباح عەگیلی گوتی، "مرۆڤ گەنجینەیەكی شاراوەیە، كاتێك عەبادی بووە سەرۆكوەزیرانی عێراق، چاوەڕوانیی 1%ـمان لێنەدەکرد. دواتریش لە رووی سەربازییەوە دەستكەوتی باڵای بەدەستهێنا. لەوانەیە عەللاویش لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵێكی باڵا ببینێت و ئەو مەرجانەی فراكسیۆنە سیاسیەكان خستوویانەتەڕوو، بەتایبەتی فراكسیۆنی سائیرون، بتوانێت جێبەجێیان بكات سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی دەیاندات".
ئەعرەجی: عەللاوی بەربژێری لایەنێكی ئایینی گەورەیە
جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، محەمەد تۆفیق عەللاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەربژێری لایەنێكی ئایینیی گەورەیە لە عێراق، بە پشتگیریی ئەویش كاردەكات و هەر ئەویش داوای لێكردووە پێكهاتە و فراكسیۆنە سیاسیەكان لە حكومەتەكەی بەشداری پێنەكات.
بەها ئەعرەجی، جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق گوتی، "محەممەد تۆفیق عەللاوی بەربژێری فراكسیۆنە سیاسیەكان نییە و كەسایەتیەكی بەڕێزە، هیچ كەسێكی سیاسیم وەكو ئەو پاك و نیشتمانپەروەر نەبینیووە".
ئەعرەجی باسی لەوە کرد، "لایەنێكی ئایینیی باڵا لە عێراق عەللاویی بەربژێركردوە و هەر خۆیشی پشتگیریی دەكات و داوای لێكردووە پێكهاتەكان و فراكسیۆنە سیاسیەكان لە حكومەتەكەی بەشداری پێنەكات".
لە وەڵامی پرسیاری "ئایا هەمان ئەو لایەنە ئاینییەیە كە پێشتر رەزامەندیی لەسەر عادل عەبدولمەهدی نیشاندا؟" ئەعرەجی بە وشەی "كوڕەكەیەتی" وەڵامی دایەوە.
چالاكوانانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فێسبووك لەمبارەوە دەڵێن، "كوڕەكەی واتە محەممەد رەزا، كوڕی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای ئایینی".
هێزە عێراقییەكان هۆشداری لە پەراوێزخستنی سوننە دەدات لە حكومەتی عەللاویدا
فالح عیساوی، گوتەبێژی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان گوتی، "ناكرێت حكومەتی عەللاوی بەبێ بەشداریی نوێنەرانی پێكهاتەكان نەك پارتەكان تێپەڕێنرێت، پێشبینی دەكەم لە ماوەی چەند مانگێكدا بڕووخێت ئەگەر لەنێو هۆڵی پەرلەماندا بە زۆرینە تێپەڕێنرێت".
گوتەبێژی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان ئاماژەی بەوە کرد، "لە قۆناخی ئێستادا هەر وەزیرێكی سەربەخۆ لە بەڕێوەبردنی وەزارەتەكەیدا شكستخواردوو دەبێت، چونكە فراكسیۆنە سیاسییەكان پشتگیریی ناكەن".
فالح عیساوی باسی لەوەشكرد، "حكومەتەكەی عەللاوی بەبێ گفتوگۆ یان هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی هێزەكان لە دانانی وەزیرەكان تێناپەڕێنرێت. ئەگەر ئەوەش رووینەدا، ئەو كات بڕیاری مێژوویی و چارەنووسسازمان دەبێت، بەركەوتەی هەڵبژاردنمان هەیە و سوورین لەسەر ئەوەی عەللاوی رەچاوی هاوسەنگیی نیشتمانی بكات".
لەبارەی بەیاننامە هاوبەشەكەی مەسعود بارزانی و محەممەد حەلبووسییەوە عیساوی گوتی، "شەش خاڵ لەگەڵ سەركردەكانی كورد تاوتوێكراون، لەبارەی جوگرافیای پارێزگاكانی رۆژئاوا و باكوور هاوئاهەنگی لەنێوان هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە".
هەروەها گوتەبێژی یەكێتیی هێزە عێراقییەكان كاری داهاتووی عەللاویی لەبارەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بە كارێكی قورس ناوبرد و گوتی، "وڵات پێویستی بە رێكاری بەهێزی سەركردە سیاسییەكانە بۆ نەهێشتنی ئەو پرسەو ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە كەشێكی پارێزراودا".
ئەیاد عەللاوی: هەوڵدان بۆ پۆست و پشتگوێخستنی داواکارییەکان شوورەییە
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە لە توویتێکدا دەڵێت، "بڕیارە ئەرکی حکومەتی راگوزەری داهاتوو تەنیا لێپێچینەوە بێت لە بکوژانی خۆپێشاندەران، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ خۆپێشاندانی پێشوەخت و دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی کە خودی ئەو حکومەتە تێیدا بەشدار نابێت".
ئەیاد عەللاوی دەشڵێت، "جێی سەرسورمانە و بەڵکو ئەوەی کە باس دەکرێت تایبەتە بە بازاڕی پۆستەکان و ئەو کەسانەی کە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆست دەدەن شوورەییە، لەکاتێکدا باسی داواکارییەکانی خۆپێشاندەران و سەرکەوتکردنیان بەدرێژایی پێنج مانگ ناکرێت".
ئەو توویتەی ئەیاد عەللاوی دوای لێدوانی پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هات کە رایگەیاند، پۆستە وەزارییەکان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کە چاوەڕواندەکرێت ئەم هەفتە رابگەیەنرێت، کڕین و فرۆشتیان پێدەکرێت.
رۆژی شەممە 15-02-2020 محەممەد تۆفیق عەللاوی لە توویتێکدا رایگەیاند، "نزیکین لە بەدیهێنانی دەستکەوتێکی مێژوویی کە بریتییە لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتێکی سەربەخۆ کە لە بەتواناکان و دەستپاکەکان پێکهاتووە، بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی سیاسی، ئەم هەفتەیەش بەپشتیوانیی خوداوەند ناوی ئەندامانی کابینەکەم دوور لە دەنگۆ و دزەپێکردن رادەگەیێنم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ