رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق میوانداری سەرۆکی دەزگای شەهیدان دەکات لەبارەی کێشەی مووچەی شەهیدان. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەى بڕگەیەکی هەمواری یاسای دەزگاکە دەکەین کە جێبەجێ نەکراوە و تایبەتە بە هەژمارکردنی شەهیدانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، کە لە 2024 لە پەرلەمان پەسند کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوبات، پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و میوانداری سەرۆکی دەزگای شەهیدان و خانەنشینی گشتی دەکات.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "میوانداریکردنی سەرۆکی دەزگای شەهیدان بۆ تاوتوێکردنی کێشەی مووچەی شەهیدانە کە هەندێکیان نەدراوە."
سروە محەممەد گوتیشی: "یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسی دەکەین، جێبەجێنەکردنی بڕگەیەکی هەمواری یاسای شەهیدانە، بۆ ئەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئاسایش و دژەتیرۆر لە ناوچە کوردستانییەکان بخرێنە سەر دەزگای شەهیدانی عێراق."
هەمواری یاسای دەزگای شەهیدان لە 17ی ئەیلوولی 2024 لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە. یەکێک لە هەموارەکان ئەوەیە کە یاساکە شەهیدانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان بگرێتەوە، کە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان شەهید بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ