رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری دانیشتنی دادگاکە، سکاڵاکاران داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت بە دروستیی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2008ی هەموارکراوی فیدراڵی جێبەجێ بکات، بەتایبەتی مادەکانی (6،7،8 و 9) و رێنماییەکانی تایبەت بە راگرتنی بابەتی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
دوایین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە، رۆژی 25ی شووباتی 2024 بوو. رۆژی 05-10-2023 دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵاکەی تۆمار کرد.
سکاڵاکاران بریتین لە ئەژی بەرزان، محەممەد حوسێن، خەبات لەتیف، نەجمەدین محەممەد، دلاوەر عەلی، ئاوات ئازاد، دڵشاد محەممەدئەمین، سامان عەلی و رێبوار باهر.
ئاوات ئازاد، یەکێک لە نوێنەرانی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە، سکاڵامان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە و داوامان کردووە ئەو بڕیارەی کە پلەبەرزکردنەوەکەی پێڕاگیراوە بە نادەستووری هەژمار بکرێت و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە."
رۆژی 10-09-2023 دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، کە دووەم دانیشتنی دادگەکە بوو بۆ ئەو کەیسە. سکاڵاکە لەسەر راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بوو کە لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە راگیراوە.
سکاڵاکە لەلایەن رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکرابوو و دادگەکە بە پاساوی ئەوەی ئەو بابەتە لە پسپۆڕی ئەودا نییە و دوای تاوتوێکردنی لەنێو دادوەران، بڕیاری رەتکردنەوەی سکاڵاکەی دا.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و زیادکردنی باج و رسوومات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ