فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق: دەبێت لە دوو رۆژدا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێردرێت

17-07-2023
پەیمان محەممەد
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەبێت تاوەکو سبەی سێشەممە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە بنێردرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، پێویستە شاندی هەرێمی کوردستان چەندین جاری دیکە سەردانی بەغدا بکات.
 
رۆژی دووشەممە 17-07-2023، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی و هەوار جەلالەدین پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، دوای پەسندکردنی یاساکە، دەبێت وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی عێراق رێنوێنیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی دەربکەن.
 
شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدایە و ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کۆبوونەوەکانی لەبارەى پشکى هەرێمی کوردستان لە بودجە دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، شاندەکەى هەرێمى کوردستان زانیاریی وردی لەبارەی چەند بابەتێک لەگەڵ خۆی بردووە، بەتایبەت تەرازووى پێداچوونەوە کە تایبەتە بە خەرجى و داهاتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مانگەى کە بەغدا بەشە بودجەکەى بۆ دەنێرێت، کە پێویستە مانگانە ئەو زانیارییانە رادەستى بەغدا بکات.
 
رۆژی چوراشەممە 19ی ئەم مانگە لە عێراق پشووی فەرمییە. کاروان یاروەیس دەڵێت، "دەبێت ئەمڕۆ و سبەی (سێشەممە) پشکی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ئەگەر بەپێی یاساکەش نەبێت و بیانوو بهێندرێتەوە، کە هێشتا رێنوێنییەکان دەرنەچوون و گرفتی تەکنیکی لەنێوان دوو حکومەت ماوە، ئەوە بەغدا ئەرکدارە سولفەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی مووچەی مووچەخۆران دابەشبکرێت، چونکە ئەو بابەتە لە یاسای بودجەدا وەکو کاری لەپێشینە دیاریکراوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان تانەی لە مادەکانی 2، 11، 12 و 13ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق داوە کە پەیوەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو مادانە داوای دەرکردنی بڕیاری وەلائیی کردبێت، دادگەی فیدراڵی بڕیارێک دەردەکات کە جێبەجێکردنی ئەو مادانەی تانەی لێدراوە رادەگیرێت هەتا ئەو کاتەی بڕیاری کۆتایی دەدرێت."
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ئەگەر بڕیاری وەلائیش دەرچوو، حکومەتی عێراق دەتوانێت وەکو پێشوو بە شێوەی قەرز و سولفە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بۆئەوەی مووچە رانەگیرێت."
 
وەکو کاروان یاروەیس دەڵێت، یاسای بودجەی گشتیی عێراق لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە هەولێر و بەغدا چۆن لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە رێکدەکەون و "ئەوە ئاساییە چەندین جاری دیکە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و بۆ چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە گفتوگۆ بکەن."
 
یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە 78 مادە پێکهاتووە و قەبارەکەی بۆ هەر ساڵێک زیاتر لە 198 تریلیۆن دینارە کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
 
بەرەبەیانى 12ى حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق یاساکە پەسند کرا و لە 21ى حوزەیرانیش لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى داد کرا بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە