رووداو دیجیتاڵ
دووکانی عەتر و کەرەستەی جوانکاری، هۆکاری جۆشدانى ئاگرەکەی شاری کوت بوون کە بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا. چوار دامەزراوەی جیاوازى عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا، حکومەت 10 ملیۆن دینار دەداتە قوربانییانی رووداوەکە و دەستکاریی پڕۆژەیاسایەکیش دەکات.
"نەرمی بەرامبەر هیچ کەمتەرخەمێک مەنوێنن؛ دەبێت رێوشوێنەکان بە قەبارەی گەورەیی رووداوەکە بن"، بەم فەرمانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارێزگای واست دەستپێکی هەنگاوە کردەییەکانی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتی کۆڕنیش لە شاری کوت راگەیاند کە بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئاگرکەوتنەوەکە شەوی 16ی تەممووز روویدا، زانیاریی گیانلەدەستدانەکان بەرەبەیانیی 17ی تەممووز لە شاری کوت بڵاوبووەوە کە ناوەندی پارێزگای واستە.
ئاگرەکە هەر پێنج نهۆمی باڵەخانە 350 مەتر دووجاکەی گرتەوە، بەڵام بە ئاگرەکەی هایپەرمارکێتى کۆڕنیش ناوی دەرکرد کە لە نهۆمی ژێرەوەدایە. زۆرینەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە دووکەڵی ئاگرەکە خنکاون.
بەگوێرەی تەندروستیی واست، 63 کەس گیانیان لەدەستداوە کە منداڵیان تێدایە؛ یەکێکیان بیانی بووە.
حکومەت، بەرگریی شارستانی، پارێزگاری واست و دەستەی دەستپاکی بەجیا لیژنەیان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە پێکهێنا.
ئاگر لە عەترەوە
دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەرگریی شارستانیی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، ئاگرەکە سەرەتا لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە کە دووکانی فرۆشتنی بۆن (عەتر) و کەرەستەی جوانکاری تێدایە و ئەوەش هۆکار بووە لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە."
یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی باڵەخانەکان لە عێراق ئەوەیە بەرگریی شارستانی پشکنینی بۆ بکات لە رووی پارێزگارییەوەیە.
نەواس سەباح شاکر گوتی: "زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە نهۆمی سێ و چوار و پێنجی باڵەخانەکە بوون و بە دووکەڵ خنکاون، چونکە دەرفەتی دەربازبوونیان نەبووە. تیمەکانمان 45 کەسیان رزگارکرد کە بەهۆی ئاگرەکەوە لە نهۆمەکانی سەرەوە گیریان خواردبوو."
10 ملیۆن دینار بۆ قوربانییانی رووداوەکە
لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە، 17ی تەممووز ئەنجامدرا، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لەو رووداوەدا بە مەبەستی سزادانیان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت ئەو لیژنەیە کارەکانی لە پێنج رۆژدا تەواو بکات و راسپاردەکانی پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران بکات.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکە، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەیە بە 10 ملیۆن دینار. وەزارەتی تەندروستیش چارەسەری برینداران لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەو رووداوەی کوت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی ناچار کرد پڕۆژەیاسایەک پەسند بکات و ئاراستەی پەرلەمانی بکات بۆ قەرەبووکردنەوەی "قوربانییان"ی ئەو رووداوە.
پڕۆژەیاساکە بە ناوی "رێکخستنی مافی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا و سەنتەری نەقا لە زیقار و رووداوەکەی حەمدانیە لە نەینەوا و هایپەرمارکێتی کۆڕنیش لە واست"ـە، تاوەکو جێگەی پڕۆژەیاسایەک بگرێتەوە کە ئێستا لە پەرلەمانە و تەنیا قەرەبووی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و سەنتەری نەقا و حەمدانیەی تێدایە.
پارێزگار: مۆڵەکە بە فێڵ کراوەتەوە
محەممەد میاحی، پارێزگاری واست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی پێنجشەممە ئەنجامیدا، چەند زانیارییەکی لەبارەی وردەکاریی ئەو رووداوە راگەیاند.
بە گوتەی پارێزگار، خاوەنی ئەو هایپەرمارکێتەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە، مۆڵەتی دروستکردن و وەبەرهێنانی نییە و "تەنیا دوو رۆژ پێش رووداوەکە مۆڵەکەی کردووەتەوە" بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
محەممەد مەیاحی گوتی: "پڕۆژەکە فێڵبازانە کراوەتەوە و تێیدا وەبەرهێنەر رێکارە یاساییەکانی تێپەڕاندووە."
دوو بەرپرس دوورخرانەوە
پێنجشەممە ئەنجوومەنى پارێزگاى واست لەبارەى رووداوى ئاگرکەوتنەوەکە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکى دەرکرد
بەگوێرەى راگەیێنراوێکى ئەو ئەنجوومەنە، بڕیاردراوە کە ئەو کەسانەى لەو رووداوى ئاگرکەوتنەوەیە گیانیان لەدەستداوە، بە شەهید هەژمار بکرێن.
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکان دەنگدان بوو بۆ دەستپێهەڵگرتنى هەریەک لە بەڕێوەبەرانى شارەوانى کوت و دەزگاى سەلامەتى پیشەیی لە پۆستەکانیان، تاوەکو لێکۆڵینەوەکان لەبارەى ئەو رووداوە تەواو دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ