رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر 18 ژنە پەرلەمانتارى عێراق رەتدەکاتەوە کە لە لایەن 18 بەربژێرى پیاوى هەڵبژاردنى پێشووى عێراقەوە تۆمارکرابوون، گوایە بە شێوەیەکى نایاسایی جێگەیان گرتوون.
ئەو سکاڵایانەى تۆمارکرابوون دژى نوور نافع، ئینتیسار مالیکى، نیهال مورشید، دنیا عەبدولجەبار، فاتیمە حوسێن، شەزا یاسین، زەینەب وەحید، زەینەب رەحیم، دوعا کازم، روقیە رەحیم، کیفاح سوودانى، فاتن قەرەغولی، سوعاد جەبار، هەیفا حوسێن، سارە ساڵحى، زیکرا عەمار، فاتیمە حەسەن و فاتیمە عەباس بوون.
17ى ئابى 2023 جاسم موحان، بەربژێرى پێشووى هاوپەیمانیى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتیمانى لە بەغدا کە یەکێکە لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "سکاڵاکەى من لەسەر ژنە پەرلەمانتار شەزا یاسین بوو کە بەدەر لە پشکى کۆتایى ژنان شوێنى منى گرتووەتەوە و هەزار و 600 دەنگم لەو زیاتر بەدەستهێناوە".
جاسم موحان گوتیشى، "سەرەتاى مانگى ئاب یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکان دواخرا بۆ 16ى ئاب بۆ بڕیاردان و ئەمڕۆش رەتکرانەوە".
بەگوێرەى بڕیارى دادگە کە 16ى ئاب دەریکردووە، سەرجەم سکاڵاکان رەتکراونەتەوە و دەڵێت، ئەندامێتیی ئەو ژنە پەرلەمانتارانە "یاساییە".
هەڵبژاردنى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق لە 10ى تشرینى یەکەمى 2021 بەشێوەى فرە بازنە ئەنجامدرا و 83 کورسی کۆتاى ژن بۆ پەرلەمان دیاریکرا، ئەوەش لە کۆى 329 کورسییەکەى ئەو پەرلەمانە.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق لە 16 ئابدا سکاڵایەکى دیکەى رەتکردەوە کە لەلایەن نۆ بەربژێرى پیاوى هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق تۆمار کرابوون دژى مادەى یەکى یاساى جێگۆڕکێى ئەندامانى پەرلەمان کە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەگەر کورسی بازنەیەکى دەنگدان بە بەتاڵى بمێنێتەوە، دەبێت بە بەربژێرێکى ژن پڕبکرێتەوە لەو بازنەى هەڵبژاردنەى کورسییەکەى تێدا بەتاڵ بووە، بێ لەبەرچاوگرتنى تیپەڕاندنى ئاستى نوێنەرایەتى ژن لە پەرلەمانى عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ