عێراق
عەزیز روبەیعی، ئەمینداری گشتیی رەوتی خەتی نیشتمانی و موشتاق رەمەزان، بەڕێوەبەری دێسکی عەرەبی رووداو.
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی رەوتی خەتی نیشتمانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پۆرتاڵی رووداوی عەرەبی، بە تووندی رەخنە لە بەکارهێنانی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەک کارتی گوشاری سیاسی دەگرێت و بە "شەرمەزاری و نامەردی" وەسفی دەکات. جەخت لەوە دەکاتەوە، کە نابێت گەلان بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بە بژێوی رۆژانەیان سزا بدرێن.
عەزیز روبەیعی، ئەمینداری گشتیی رەوتی خەتی نیشتمانی ئاماژەی بە کاریگەرییە مرۆییەکانی دواکەوتنی مووچە کرد و گوتی "جێگەی داخە ژنێکی کوردی عێراقی ناتوانێت سەردانی پزیشک بکات، چونکە سێ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە. شەرمەزارییە شۆفێرێکی تاکسی بە قەرز بەنزین بکاتە ئۆتۆمبێلەکەی، یان گەنجێکی کورد بژێوی مانگانەی بە قەرز پەیدا بکات."
ناوبراو رەخنەی لە دووفاقیی هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراق گرت و پرسیاری کرد: "ئەگەر ئەو هێزانە تێبینییان لەسەر حکومەتی هەرێم هەیە، بۆچی دوای هەر هەڵبژاردنێک روو لە هەولێر دەکەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانییان لەگەڵدا ببەستن؟ بۆچی پێش هەڵبژاردنەکان حاڵەتێکی تکا و پاڕانەوە و خۆنزیککردنەوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەبینین؟"
بە بڕوای روبەیعی، ئامانجی ئەم گوشارانە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچار بکرێت ملکەچی پرۆسەی پشتیوانیکردنی کەسایەتیی دیاریکراو بێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا و هەروەها تێکدانی "پەیوەندیی دۆستانە"ی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە.
روبەیعی جەختی کردەوە، هەرچەندە رەوتەکەیان هیچ پەیوەندی و هەماهەنگییەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام بەرگری لە گەلێک دەکەن کە قوربانیی زۆری داوە. داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد کە رێز لەو قوربانییانە بگرن و لەبری بەکارهێنانی مەنتیقی هێز، بچنە ناو گفتوگۆیەکی جدییەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی بژێوی خەڵک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ