رووداو - هەولێر
بەرپرسێکى رەوتى حیکمە دەڵێت، بڕیارە 19ى ئەم مانگە چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنى لێکتێگەیشتنەکانى لەگەڵ لایەنەکان لەبارەى پێکهێنانى حکومەت و ئەنجامدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان.
رۆژی شەممە، 17ى ئەیلوولى 2022، ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە رۆژى 19ى ئەیلوول، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆببێتەوە. کۆبوونەوەکە لە ماڵى یەکێک لە سەرکردەکانى ئەو هاوپەیمانێتییە دەبێت".
ئەحمەد عیساوى گوتیشى: "بڕیارە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى ئەو لێکتێگەیشتنانە بکرێت کە لەگەڵ لایەنەکان پێى گەیشتووین لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق. هەروەها تاوتوێى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق دەکرێت".
لە 23ى تەممووزەوە پەرلەمانى عێراق کۆنەبووەتەوە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکیى نێوان رەوتى سەدر و چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى پڕۆسەی سیاسیی وڵات.
رۆژی 5ى ئەیلوول لە کۆبوونەوەى دیالۆگى نیشتمانیى سەرکردە سیاسییەکانى عێراق بڕیادرا لیژنەیەکى تەکنیکى پێکبهێندرێت بۆ وەرگرتنى بۆچوونى لایەنەکان لەبارەى پرسی هەڵبژاردنى پێشوەخت و هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمى رەوتى سەدر بڕیارى نەداوە بەشدارى لەو لیژنەیەدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ