رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 65 تریلیۆن و 195 ملیار دیناربووە، کە زیاتر لە 95.3٪ـی داهاتی نەوتی بووە، داهاتی نانەوتیش بەپێی ئەوە لە بودجەدا خەملێندراوە، زیاتر لە 7 تریلیۆن و 156 ملیار دینار کەمیکردووە. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت: "ئەو ژمارانەی لەبارەی داهاتە نانەوتییەکانەوە خراوەتە نێو یاسای بودجەی عێراق ناڕاستەقینەیە و عێراق هەرگیز ناگاتە ئەو بڕە لە داهاتی نانەوتی."
وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتێکی بە وردەکارییەوە لەبارەی خەرجی و داهاتەکانی حەوت مانگی یەکەمی ئەم ساڵ (1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی تەممووز) بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە ئەو داهاتانەی لەو ماوەیەدا دەست عێراق کەوتوون زیاتر لە 65 تریلیۆن و 195 ملیار و 3 ملیۆن دینار بووە، کۆی خەرجییەکانیشی 54 تریلیۆن و 842 ملیار و 345 ملیۆن دینار بووە.
62 تریلیۆن و 259 ملیار و 118 ملیۆن دینار لەو داهاتە نەوتی بووە و 2 تریلیۆن و 935 ملیار و 884 ملیۆن دیناریش داهاتی نانەوتی بووە، بەو پێیە داهاتە نەوتییەکانی عێراق 95.37٪ و داهاتە نانەوتییەکان 4.50٪ بووە، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە وا خەمڵێندراوە عێراق لەساڵی 2023دا 17 تریلیۆن و 300 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەبێت.
بەپێی یاسای بودجە، دەبووایە عێراق لەو حەوت مانگەدا 10 تریلیۆن و 91 ملیار و 911 ملیۆن دینار داهاتی نانەوتی هەبووایە، بەڵام تەنیا 2 تریلیۆن 935 ملیار و 884 ملیۆن دیناری هەبووە، کەوایە بڕی 7 تریلیۆن و 156 ملیار و 26 ملیۆن دیناری کەمترە، کە لە یاسای بودجەدا خەملێندراوە.
رۆژی یەکشەممە، 17-9-2023، نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عێراق هێشتا پشت بە نەوت دەبەستێت بۆ دەستخستنی داهاتەکانی، ئەگەر نەوت نەمێنێت یان بەهای دابەزێت کارەساتی گەورە روودەدات". گوتیشی: "هەرچی پەیوەستە بە داهاتە نانەوتییەکانەوە ئەوا ئەو ژمارانەی لەوبارەیەوە هەموو ساڵێک دەنووسرێت ناڕاستن و هەرگیز ئەو پارەیە بەدەست نایەت."
ئەو شارەزایەی ئابووری دەڵێت، نابێت پەرلەمانتاران رێگە بدەن ژمارەی ناراست بێتە نێو یاسای بودجە و پێیوایە: "ئەوە کارەساتە و دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردن لە خەڵک."
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 12-6-2023 پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا. قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە زیاتر لە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ