بەریتانیا مافی مانەوەی هەمیشەیی دەداتە زانایەکی چەکە کیمیاییەکانی سەددام حوسێن

17-10-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن بەریتانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زانایەکی کیمیایی عێراقی، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەدام حوسێندا تۆمەتباربووە بە کوشتنی دەیان هەزار کەس، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو گازە ژەهراویانەی، کە بەرهەمی دەهێنا، زیاتر لە 10 ساڵە وێڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان، کەچی لە لەندەن نیشتەجێیە و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی پێدراوە. 
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میرەری بەریتانی، ئەو زانا عێراقییە ناوی تەواوی ئاشکرا نەکراوە و بە (ASA) ناوی نووسراوە. ئەو کەسە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حوسێندا تاقیگەیەکی تایبەتی کیمیایی لە ناوەندی توێژینەوە کیمیاییەکانی موسەننا لە نزیک سامەڕا لە ساڵانی نێوان 1981-1988 بەڕێوەدەبرد، کە تێیدا ئەرکی بەرهەمهێنانی گازە ژەهراوییە کۆمەڵکوژییەکان بووە و بەرپرس بووە لە کوشتنی 100 هەزار کەس لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا. 
 
ئەو زانایە بەوە تۆمەتبارکراوە، گازی ژەهراویی خەردەل و سارینی ئاستبەرزی بەرهەمدەهێنا، ئەوکات سوپای عێراق لە بۆردوومان و تۆپبارانکردنی سوپا و خاکی ئێران بەکاریدەهێنا. 
 
سەرچاوەیەک بە رۆژنامە بەریتانییەکەی گوتووە، بریتی باتێل، وەزیری پێشووتری ناوخۆی بەریتانیا چەندینجار فەرمانی دەرکردن و دیپۆرتکردنی زاناکەی داوە، بەڵام هەوڵەکانی بێهوودە بوون، ئەویش بەپاساوی ئەوەی زانا عێراقییەکە فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرکراوە و ناتوانێت لە بەریتانیا بچێتە دەرەوە و ژیانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە سەرباری هەوڵەکانی وەزیری پێشووتری ناوخۆی ئەم وڵاتە، کەچی هێشتا لەم وڵاتە نیشتەجێیە. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، وەزیری پێشووتری ناوخۆی بەریتانیا بابەتی دیپۆرتکردنەوەی ئەو زانا عێراقییەی بۆ دادگای باڵای فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران بەرزکردبووەوە، بەڵام دادگاکە لە بەرژەوەندیی زانا عێراقییەکە بڕیاریداوە. 
 
ئەم زانا عێراقییە، کە هاوکات ئەفسەر بووە لە سوپای عێراق، ساڵی 2009 خۆی گەیاندە ئوردن و ساڵی 2010 بە ناوی توێژەر لە زانکۆیەکی باکووری رۆژئاوای ئینگلتەرا ڤیزای ئەو وڵاتەی وەرگرتووە. دواتر لە دادگا هۆکاری سەرەکیی هەڵاتن و خۆدەربازکردنی ئاشکراکردبوو. هەرچەندە وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی حکومەتی لەندەن، داوای مافی نیشتەجێبوونی رەتکردەوە و بڕیاری دیپۆرتکردنی دەرکرد، بەڵام لە رێگەی تانەلێدان لە بڕیاری وەزیر، توانی لە لەندەن بمێنێتەوە و مافی نیشتەجێبوون وەربگرێت.
 
هەروەها زانا عێراقییەکە بە دادگا بەریتانییەکەی گوتبوو، زانیاری هەبووە بە بوونی چەکی کیمیایی، بەڵام هیچ کارێکی نەکردووە بۆ پێشخستنی ئەم چەکانە و ناچار بووە لە تاقیگە ناوەندییەکانی کیمیایی لە موسەننا کاربکات بەهۆی بوونی هەڕەشەی بەعسییەکان لەسەر خێزانەکەی. 
 
زانا عێراقییەکە بە دادوەرانی دادگاکەی گوتووە، ئەگەر بگەڕێتەوە عێراق بەهۆی سووننەبوون و پەیوەندیی بە حیزبی بەعسەوە، ئەگەری دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی زۆرە. 
 
راشیگەیاندبوو، بەرنامەی چەکە کیمیاییەکانی سەدام حوسێن، تەنیا هۆکاری بەکۆمەڵ کوشتنی کورد و ئێرانییەکان نەبوو، بەڵکو بڕبڕەی پشتی رێکخراوی قاعیدە بوون.   
 
دوای ساڵی 2003 ئەم زانا عێراقییە ناوی لە لیستی کەسایەتییە مەترسیدارەکاندا هەبووە و خەڵاتی دارایی بۆ گرتن و کوشتنی دانرابوو، بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی خۆی رادەستی هێزەکانی ئەمریکی کرد ئەو بەڵێنی بە ئەمریکییەکان دابوو ئەگەر دەستگیری نەکەن و رێگەی پێ بدەن بچێتە دەرەوەی عێراق، نهێنی گەورەیان لەبارەی چالاکییەکانی سەدام حوسێن بۆ ئاشکرا دەکات. ئەم هەنگاوەی وایکرد ئەمریکییەکان سزای نەدەن و دوای سوودوەرگرتن لە زانیارییەکانی، ئازادیانکرد و ئەویش خۆی و خێزانەکەی گەیاندە ئوردن.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

زەیدی داوای زیادکردنی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە دواداچوون بۆ کارەبای وەرزی هاوین دەکات و وەزارەتی کارەبای عێراق پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوین خواست لەسەر کارەبا بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا ئێستا بەرهەم نزیکەی 18 هەزار مێگاواتە.