رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە باس لە رەزامەندیی وەزارەت بۆ بەشداریی گشتیی قوتابیانی قۆناخە کۆتاییەکان لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکاندا دەکەن.
وەزارەتی پەروەردە عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، سەبارەت بە رەزامەندیی عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە بۆ بەشداریی گشتیی ئەو قوتابیانەی بۆ تاقیکردنەوە وەزارییەکان ناتوانن بەشداریان بکەن، دوورن لە راستییەوە."
بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەو دەنگۆیانە لەسەر بنەمای لێدوانێکە، کە بەناوی مونا غەرابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراونەتەوە.
دوێنێ، مونا غەرابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلاری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزیری پەروردە رەزامەندی لەسەر داوایەکی داوە، بۆ ئەوەی سەرجەم قوتابیان بەشداری لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریدا بکەن.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵیت: "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە نادروستە و هیچ بنەمایەکی نییە،" روونیشیکردەوە بڕیاری بەشداریی گشتی لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردە یان خودی وەزیردا نییە، بەڵکو "بڕیارێکی سەروەرییە و تەنیا پێویستی بە رەزامەندی و دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە."
وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن، پەیجەکان و خەڵک دەکات، لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی وەزارەت ببەستن، "بۆ ئەوەی نەکەونە داوی دەنگۆ و هەواڵی چەواشەکار کە دەبێتە هۆی سەرلێشێواندنی قوتابیان و خێزانەکانیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ