ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لە عێراق 10 ملیۆن مووچەخۆر هەن

18-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ژمارەی مووچەخۆران لە عێراق گەیشتووەتە 10 ملیۆن کەس. بەمەش لە هەر 100 کەسێک 23 کەس مووچەخۆرە.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی مووچەخۆران لە عێراق بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست، خانەنشین و چاودێریی کۆمەڵایەتی، شەهیدان، زیندانی سیاسی، شوێن بزربوو گەیشتووەتە 10 ملیۆن کەس. 
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی خەمڵاندن، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 43 ملیۆن و 300 هەزار کەس. بەو شێوەیە بێت لە هەر 100 کەسێک 23 کەس مووچەخۆرە. 
 
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە لە ژمارەی 4726ـی رۆژی 26-06-2023ـی رۆژنامەی فەرمیی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عێراق چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە؛ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە. لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 251 هەزارو 451 مووچەخۆری هەیە.
 
پێش ساڵی 2003 عێراق نزیکەی 850 هەزار فەرمانبەری هەبوو.
 
لە یاسای بودجە 86 تریلیۆن و 955 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان کراوە، بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش نۆ تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دینار تەرخانکراوە.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 29-12-2023 لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "پشکی خەمڵێنراوی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 عێراق نزیکەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار بووە، بەڵام بە پێوەری ئینفاقی فیعلی پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی ساڵەکە کە حکومەتی عێراق بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی تەرخان کردووە نزیکەی شەش ترلیۆن و 300  ملیار دینارە، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەس بۆ مووچە لە ساڵێکدا پێویستی بە نزیکەی 11 تریلیۆن دینارە بەو پێیەش کورتهێنان بۆ مووچە لە ساڵێکدا نزیکەی 5 تریلیۆن دینارە و کە دەکاتە نزیکەی مووچەی شەش مانگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان." 
 
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی لە راپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە پەسند کراون، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە 913 ملیار دینارە، ئەوە جگە لە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە کە مانگانە نزیکەی 25 ملیار دینارە.
 
داهاتی نەوتی عێراق لە یاسای بودجە 117 تریلیۆن و 252 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، لە کاتێکدا هەموو داهاتی نانەوتی 17 تریلیۆن و 300 ملیار و 419 ملیۆن دینارە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە