بانکى ناوەندیى عێراق تاوەکو کۆتایی 2024 سەکۆى ئەلیکترۆنى حەواڵەى دەرەکى دادەخات

18-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 کارکردن بە سەکۆى ئەلیکترۆنى بۆ حەواڵەى دەرەکى هەڵبوەشێنیتەوە و ئەو سەکۆیە تەنیا بۆ وردبینی و ئامار بهێڵێتەوە.
 
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە رۆژی 18ى کانوونى دووەمى 2024 ئاڕاستەى ئەو بانکانەى کردووە کارى حەواڵەى دەرەکى دەکەن، "لەپێناو دامەزراندنى پەیوەندییەکى بانکیى بەهێز لەگەڵ کەرتى بانکیى جیهانى و هەرێمى بەگوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان، بانکى ناوەندیى پلانى هەیە کە هەنگاو بە هەنگاو سەکۆى ئەلیکترۆنى تایبەت بە حەواڵەى دەرەکى تاوەکو کۆتایی ساڵ هەڵبوەشێنێتەوە و ئیدی ئەو سەکۆیە تەنیا بۆ مەبەستى وردبینی و ئامار بیهێڵێتەوە".
 
بانکى ناوەندیی عێراق لە نووسراوەکەدا داواى لە بانکەکانى عێراق کردووە ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى بگەن بەو بانکانەی حەواڵەى دەرەوە دەکەن و مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.
 
بانکەکە چەند هەنگاوێکى دیاریکردووە کە پێویستە دەستەبەربکرێن بۆ ئەوەى هەژمارى بانکى لە بانکە نێردەرەکان بکەنەوە کە بریتین لە:
 
 پێداویستیە بنەڕەتییەکان: لانیکەم بەڵگەنامەکانى دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا نێردەرەکان ئامادە بکرێن کە دۆخى دارایی بانکەکانى تێدا روون بکرێتەوە کە بریتین لە زانیارى وردبینیکراوى دارایی دوایین سێ ساڵى بانکەکە لەلایەن یەکێک لە 10 کۆمپانیا گەورەکانى ئەو بوارەوە وردبینی کرابێت؛ راپۆرتى هەڵسەنگاندنى سیاسەتەکانى بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر و راستاندنى لەلایەن یەکێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بەو بوارە؛ ئامادەکردنى ریزبەندیى متمانەى دارایی بانکەکە بەگوێرەى یەکێک لەو دامەزراوە جیهانیانەى ئەو بوارە کە لاى بانکى ناوەندیى عێراق باوەڕپێکراو بێت.
 
 پێداویستییە پاڵپشتیکەرەکان: ئەو رێوشوێنانەن کە پێگەى بانکەکە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەهێز دەکەن و ئاوێنەى پیادەکردنى مامەڵە نێودەڵەتییەکانن لە جیهانى بانکیدا، لەوانە: 
 
- نوێکردنەوەى دۆسیەى بانکەکە لەسەر ماڵپەڕى کۆمپانیاى سویفتى جیهانى کە وا لە بانکە نێردەرەکان دەکات راپۆرتەکانى تایبەت بە هەڵسەنگاندنى حەواڵەى بانکەکە لە تۆڕى سویفت ببینن.
 
-  بەشداریکردن لە دامەزراوەى کۆمەڵەى بانکەکانى حەواڵە و بازرگانی ( BAFT) کە هاوکارى بانکەکان دەبێت لە دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵ بانکە نێردەرەکان و هەموو ئەوانەى پەیوەندارن بە حەواڵە تایبەتەکان بە دیاریکراوى پڕۆسەکانى پارەدارکردنى بازرگانى.
 
- بەشداریپێکردنى زۆرترین کارمەندى بانکەکان لە خولەکانى مەشقپێکردن، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندارن بە حەواڵەى دارایی و یەکەى ئاگادارکردنەوەى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر، بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى پیشەیی لەو بوارانەدا.
 
بەگوێرەی ئەو نووسراوەى بانکى ناوەندیی عێراق، دەبێت بەر لە 30ى حوزەیرانى 2024 ئەو پێداویستیانە لە لایەن بانەکەکانەوە دەستبەر بکرێن.  
 
 لە  مانگى ئابى 2022ـەوە بانکى ناوەندیى عێراق پشت بە سەکۆى ئەلیکترۆنى تایبەت بەو بانکە دەبەستێت بۆ حەواڵەى دەرەکى دۆلار بە مەبەستى بازرگانی و لەو رێگەیەوە دۆلار حەواڵەى دەرەوە دەکرێت لەدواى وردبینیکردنى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە