گەڕانەوەی مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران شیعەکان بەسەر سێ بەرەدا دابەش دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق. لە کاتێکدا هەندێک لایەن باسی یەکلابوونەوەی نووری مالیکی دەکەن، بەڵام دوو هێزی شیعە هێشتا گڵۆپی سەوزیان بۆ گەڕانەوەی مالیکی هەڵنەکردووە.
 
پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران مشتومڕی خستووەتە نێو ماڵی شیعەکانەوە. عارف حەمامی، ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلابووەتەوە."
 
ئەم زانیارییە لەلایەن رێکخراوی بەدریشەوە پشتڕاست کرایەوە. ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر (بە سەرۆکایەتیی هادی عامری) بە رووداوی گوت، "لێکتێگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرکردنی مالیکییەوە دروست بووە و هەموو لەسەری رێککەوتوون."
 
بە پێچەوانەی دەوڵەتی یاسا و بەدر، رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم رەتیدەکاتەوە پۆستەکە لە بەرژەوەندیی مالیکی یەکلایی بووبێتەوە.
 
فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی دەگوترێت لەبارەی رێککەوتنی سەرجەم لایەنەکانی چوارچێوە لەسەر نووری مالیکی، دوورە لە راستییەوە."
 
حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نزیک لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، بەدووری دەزانێت کۆدەنگی لەسەر مالیکی هەبێت و پێیوایە پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبرێت.
 
بەرزنجی نەخشەی دابەشبوونی هێزەکانی نێو چوارچێوەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی، "محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی لە یەکدی نزیکن، لە بەرامبەردا عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی لە بەرەیەکی دیکەدان و هادی عامریش لە ناوەڕاستدایە."
 
بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، ئێستا ناوی چەند کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە دەهێندرێت، لەوانە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، تارق نەجم، سەرکردە لە حیزبی دەعوە.
 
خاڵێکی دیکەی یەکلاکەرەوە کە بەرزنجی ئاماژەی پێدا، هەڵوێستی مەرجەعیەت و سەدرە. ئەو دەڵێت، "ئەستەمە موقتەدا سەدر بە بەربژێرکردنی مالیکی رازی بێت، بۆیە لە کۆتاییدا پەنا بۆ بەربژێرێکی دیکە دەبرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەدرەدین قەبانجی، گوتارخوێنی نەجەف

گوتارخوێنی نەجەف: ئەزهەر شیعەبوونی خۆی رادەگەیێنێت

پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نەجەف پێیوایە، ململانێی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕێکی ئابووری و کێبڕکێ لەسەر نەوت نییە، بەڵکو "شەڕی بیروباوەڕە". دەشڵێت، زانکۆی ئەزهەر دەبێتە شیعە