وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق: بڕوانامەکەی مەلا بەختیار باوەڕپێکراو نییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی پەرلەماندا رایگەیاندووە، ئەو زانکۆیەی مەلا بەختیار بڕوانامەی تێدا بەدەستهێناوە دانپێدانراو نییە، نووسینگەی مەلا بەختیاریش دەڵێت، تانەیان لە بڕیاری دوورخستنەوەی وەکو بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق داوە .
 
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا رۆژی 11ـی کانوونی دووەمی 2026 ئاراستەی نووسینگەی وەزیری خوێندنی باڵای کردووە، داوای روونکردنەوەی کردووە لەبارەی بڕوانامەی مەلا بەختیار کردووە کە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێرکردووە. 
 
لە نووسراوەکەی پەرلەماندا هاتووە: "بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012 تایبەت بە حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، مەرجە بڕوانامەی سەرەتایی بەربژێر لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دانپێدانراو بێت، پەرلەمان پرسیاری کردووە ئایا زانکۆی ئازاد لە هۆڵەندا دانپێدانراوە یان نا، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بەرامبەر بەربژێرەکە بگرنەبەر."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق: بڕوانامەکە باوەڕپێکراو نییە
 
لە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق وەڵامی پەرلەمانی داوەتەوە.
 
لە وەڵامەکەدا کە واژۆی عەدنان ئیبراهیم عەبد، بریکاری وەزارەتەکەی  لەسەرە هاتووە، "ئاگادارتان دەکەینەوە ئەو زانکۆیەی لە نووسراوەکەتاندا هاتووە لە رێبەری وەزارەتدا تۆمار نەکراوە و باوەڕپێکراو نییە".
 
بەپێی ئەم وەڵامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەو بەربژێرە مەرجە یاساییەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار تێدا نییە، چونکە بڕوانامەکەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کاری پێ ناکرێت.
 
بەڵام نووسینگەی تایبەتی مەلا بەختیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان دوای نووسراوەکە تانەیان لە بڕیارەكە داوە و هێشتا رێكارەكان ماون.
 
وەرگرتنی سیڤی بەربژێرەکان رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2026 کۆتاییهات، سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، وردبینی بۆ سیڤییەکان دەکرێت و بەشێکی زۆربەیان لەبەر نزمیی بڕوانامە و پاشخانی سیاسی رەتدەکرێنەوە.
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان (کە لە 29-12-2025 بەڕێوەچوو)، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.
 
بەپێی ماددەی 70ی دەستوور، پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو رێژەیەی بەدەستنەهێنا، ئەوا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێت، کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و لە گەڕی دووەمدا هەرکامیان زۆرترین دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆماری نوێی عێراق.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە