وەزارەتی داد پێداچوونەوە بۆ یەک ملیۆن موڵک دەکات

18-04-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی موڵکەکانی دەوڵەتی عێراق پێکدە‌هێندرێت، کە زیاتر لە یەک ملیۆن موڵک دەبن.
 
بە بڕیاری خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، لیژنەیەک لە وەزارەتەکە پێداچوونەوەی بە تۆمارکردنی موڵکەکانی دەوڵەت کردووە، سەرجەمیان لە دۆسیەی تایبەتی تۆمار جێگیرکراون.
 
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە و بە سەرپەرشتی بریکارێکی پێشکەوتووی وەزارەتی داد کارەکانی کردووە. 
 
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 18ی نیسانی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە تۆماری لیژنەکە دەرکەوتووە، کۆی گشتیی موڵکەکانی دەوڵەت بە زەوی، باڵەخانە و خانوو کە خاوەنداریەتییان بەسەر دام و دەزگاکانی دەوڵەت دابەشبوو، زیاتر لە یەک ملیۆن موڵک دەبن".  
 
وەک لعێبی گوتی: "ئامار و تۆمارکردنەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە". 
 
بەشێک لە موڵکی دەوڵەت لەلایەن بەرپرسان و کەسانی دەستڕۆیشتوو دەستیان بەسەردا گیراوە و بەکارهێنراون، گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد دەڵێت: "لیژنەیەکە پەیوەندیی بەم بابەتە نەبووە، تەنیا پێداچوونەوە و تۆمارکردنەوەی بۆ موڵکەکانی دەوڵەت کردووە، بۆ ئەوەی لە مەترسی دەستکاری، ساختەکردن و بردنیان پارێزراوبن".
 
لعێبی، بەغدای بە نموونە هێناوە، "دەوڵەت لە بەغدا 19 هەزار و 628 موڵکی هەیە، کە چوار هەزار و 421یان سەر بە ئەمینداریی بەغدان".

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە