رووداو دیجیتاڵ
بەر لە پێنج رۆژ لە کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی وادەى تۆمارى دەنگدەران، زیاتر لە یەک ملیۆن و 292 هەزار دەنگدەر، تۆمارى دەنگدەرانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق نوێ کردووەتەوە. کارتەکە لە لایەن کۆمپانیایەکى ئیسپانییەوە دروست دەکرێت.
بە گوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانەوە دەستى کەوتووە، تاوەکو رۆژی یەکشەممە، 18ى ئایار، یەک ملیۆن و 292 هەزار و 45 کەس تۆمارى دەنگدەرانیان لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نوێ کردووەتەوە. ژمارەکە بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر، 171 هەزار و 398 دەنگدەر زیادی کردووە.
بەغدا بە هەردوو بەشى کەرخ و رەسافە 264 هەزار و 824 دەنگدەر تۆمارى بایۆمەترى دەنگدانیان ئەنجامداوە کە لە ریزبەندى یەکەمى پارێزگاکانى عێراقە؛ نەینەوا لە ریزبەندى دووەمدایە بە 201 هەزار و 186 کەس؛ لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش هەولێر لە ریزبەندى یەکەمە بە 95 هەزار و 417 کەس.
محەممەد یونس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دواى نزیکەى مانگێک لە مامەڵەى دەرهێنانى، کارتى بایۆمەتریى دەنگدەران رادەستى دەنگدەرەکە دەکرێتەوە و لە رێگەى تەلەفۆنەوە دەنگدەرەکەى لێ ئاگادار دەکرێتەوە".
لە 25ـى ئادارى 2025، کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و دواى جارێک درێژکردنەوە، تۆماری نوێکردنەوە تاوەکو 23ى ئایار بەردەوام دەبێت کە هەزار و 79 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراون.
محەممەد یونس گوتى: "تەنیا دەنگدەرەکە دەتوانێت کارتەکەى وەربگرێتەوە و بە کەسێکى دیکە نادرێت".
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، کارتى بایۆمەتریى دەنگدان کە ئەلیکترۆنییە، لەلایەن کۆمپانیاى ئەندراى ئیسپانییەوە لە دەرەوەی وڵات دروست دەکرێت.
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە.
کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ