لە بەسرە پیاوێک هەڕەشەى سووتاندنى منداڵەکانى لە ژنەکەى دەکات

18-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
پیاوێک لە بەسرە دەستگیر دەکرێت کە دوای تۆرانی ژنەکەی، بە ڤیدیۆ هەڕەشەى ئەوەى کردووە بە بەنزین پێنج منداڵەکەى دەسووتێنێت.
 
یەکشەممە، 18ى ئایارى 2025، عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: پیاوێک لە پارێزگاى بەسرە دەستگیر کراوە، هەڕەشەى ئەوەى لە ژنەکەى کردووە پێنج منداڵەکەى دەسووتێنێت و ئەوەى بە ڤیدیۆی تۆمار کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی بەسرە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو پیاوە بەر لە دوو رۆژ لە ژنەکەى داوە و ناچارى کردووە بتۆرێت.
 
دواى چوونى ژنەکە بۆ ماڵى باوکى، پیاوەکە بە نامەى دەنگى و ڤیدیۆ هەڕەشەى ئەوەى لە ژنەکەى کردووە کە بەنزین دەکات بە منداڵەکانیدا و دەیانسووتێنێت. 
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە گوتى: "خێزانەکە خەڵکی قەزاى فاو-ن و ئەو پیاوە هەر لەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە، ئێستا لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئەوەى بزانرێت بۆچى ئەو هەڕەشەیەى کردووە".
 
بە گوێرەى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی بەسرە، ئەو تۆمەتبارە لە ناو ماڵەکەى خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیراوە، تۆمەتى هەوڵدان بۆ کوشتن و ئەنجامدانى تووندوتیژیى لەسەرە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە