رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکیدا لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران قەرزێکی لە گەردنی موقاوەمەی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری و پڕۆژەکانی."
شبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی رایگەیاند، ئەوەی هەیە "جەنگێکی نێودەوڵەتییە کە تێیدا چەکی زۆر پێشکەوتوو لەوان فڕۆکە، مووشەک، بەرگریی ئاسمانی و هەموو تواناکانی دەوڵەت کەڵکیان لێوەردەگیرێت؛ کاتی خۆی تواناکان سنووردار بوون بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی زیانگەیاندن و ماندووکردنی داگیرکار، بەڵام ئێران لەم دۆخەدا پێویستی بە کەس نییە."
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکە وەڵامی کەسێک دەداتەوە کە بە "بەعسی" دەیناسێنێت و دەڵێت، ئەو کەسە پرسیویەتی، "هاوپەیمانەکانی ئێران لە کوێن؟ ئایا نەماون؟ ئایا بەس لەپشت کیبۆردەوە دادەنیشن؟ من پێی دەڵێم: ئێمە لێرەین بۆئەوەی دەمت دابخەین. ئێمە لێرەین بۆئەوەی بەربەستێکی نەبڕاوە بین بۆ تێکشکاندنی خەونەکانتان. ئێمە لێرەین بۆ بنیاتنانی عێراقێکی ئازاد، یەکگرتوو و بەهێز کە دەسەڵاتی بەسەر خاک و ئاسمانی خۆیدا هەبێت و کۆیلەیەکی زەلیل نەبێت لەبەردەم باڵیۆزخانەکاندا."
زەیدی ئەو کەسانە تاوانبار دەکات بەوەی "خەون بە لەنێوچوونی عێراق دەبینن، بۆئەوەی بازرگانی بە خوێنی نەوەکانیەوە بکەن."
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکە کوژران. ئێران لە وەڵامی هێرشەکەدا ئۆپەراسیۆنێکی راگەیاندووە.
شبل موحسین عوبەید زەیدی، پێشتر ئەمینداری گشتیی کەتائیبی ئیمام عەلی بوو، کە لە ساڵی 2004 لە کاتی پێکهێنانی سوپای مەهدیدا دەرکەوت و هەمان ساڵ لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە عێراق دەستگیرکرا و لە ساڵی 2010 ئازادکرا.
رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2018، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، شبل زەیدی خستە لیستی تیرۆرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ