رووپێویی ئابووری لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات

18-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رووپێویی ئابوورى لە پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد و سبەى چوارشەممە هەمان پرۆسە لە هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات. ئامانجی رووپێوییەکەش کۆکردنەوەى زانیارییە لەبارەى رێژەى هەژارى، بێکارى، خەرجى و داهاتى خێزانەکان.
 
رۆژی 18ى تەممووزى 2023 وەزارەتى پلاندانانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنى ئەو رووپێویەى راگەیاند، کە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، تیمەکانى دەزگاى ناوەندى ئامار سەردانى ئەو خێزانانە دەکەن کە رووپێوییەکە دەیانگرێتەوە لە سەرجەم قەزاکان، بە مەبەستى دیاریکردنى ئاستى بژێوى و هەژارى و خزمەتگوزارییەکان.
 
رۆژی سێشەممە 18-07-2023 سیروان محەممەد، سەرۆکى دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو رووپێوییە لە 19ى تەممووز لە قەزا و ناحیەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، کە 4068 خێزان دەگرێتەوە، ماوەى ساڵێک بەردەوام دەبێت و چەند جارێک تیمەکان سەردانى ئەو خێزانانە دەکەنەوە."
 
سیروان  محەممەد ئاماژەى بەوەش دا، رووپێوییەکە 24 لایەن دەگرێتەوە، لەوانە هەژارى، تەندروستى، پەروەردە، ئابوورى و چەند بوارێکى دیکە، کە یەکەمجارە لەدواى نزیکەى شەش ساڵ و نیو رووپێوییەکى لەو جۆرە بکرێت، کە زانیاریى نوێ لەبارەى هەژاری و هەڵاوسان و داشکانى ئابوورى دەستدەکەوێت.
 
رووپێوییەکە بە سەرپەرشتیى بانکى نێودەوڵەتی-یە بۆ کۆکردنەوەى زانیارى لەبارەى وردەکاریى ئاستى بژێوى و بارى کۆمەڵایەتیى خێزانەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان.
 
پێشتر لە 26ى حوزەیرانى 2023 عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، "بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە لە هەرێمى کوردستان، هاوئاهەنگى لەگەڵ دەستەى ئامارى هەرێمى کوردستان کراوە، کارەکەش لە رێگەی گرێبەستێکەوە لەگەڵ توێژەران دەکرێت."
 
دوایین رووپێویى ئابووریى وەزارەتى پلاندانانی عێراق ساڵى 2018 کرا، هەرچەندە دەبووایە لە ساڵى 2020 رووپێویی دیکە بکرێت، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا دواخرا؛ لە ساڵى 2022ش بەهۆى نەبوونى بودجەوە نەتونرا بکرێت. بودجەى رووپێوییەکەی ئەمساڵ لە یاساى بودجەى گشتى دابینکراوە.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، هەژارى لە ساڵى 2022دا 25% و بێکارییش 16.5% بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە