کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ وەرگرتنی نەوت کردووە

18-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای نەوتی باکوور لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و ئامادەن؛ بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان نەوتەکەی رادەست نەکردووە. 
 
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، دووشەممە 18ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە، بۆری و وێستگەکان هەمووی ئامادەن؛ بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان نەوتی رادەست نەکردووە".
 
سەرچاوەیەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوەکرد، لە تورکیاش کێشە نییە، هێشتا رێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەی بۆری نەوت ساڵێکی ماوە، ئەگەر نەوتەکەش ئێستا نەفرۆشێت، ئەوا دەتوانرێت لە بەندەری جەیهانی تورکی کۆگابکرێت.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی شەممە 16ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستی وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ نەکردووە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، بەڵام رێککەوتنەکە پێویستی بە چوارچێوەیەکی فراوانترە و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بکرێ."
 
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆنووسی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەلایەن "23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17یان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووز دەستیان پێکرد و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. 
 
وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنی کێشە تەکنیکییەکان، 11ـی ئاب رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کرا. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێ. 
 
لە ئاداری 2023ـەوە هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی داواکاری گشتیی لە بەرلین

داواکاری گشتیی بەرلین بۆ رووداو: هاووڵاتییەکی عێراقی تۆمەتباری دزییەکی گەورەی دزینی زێڕ و خشڵی دیکەیە

داواکاری گشتیی بەرلین دەڵێ، هاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن 38 ساڵ کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە دزینی خشڵ و کاتژمێری گرانبەها بە بەهای 18 ملیۆن یۆرۆ تۆمەتبار دەکرێ، لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە. بە گوتەی داواکاری گشتی، دیار نییە تۆمەتبارەکە عەرەبە یان کورد یان چ نەتەوەیەکی دیکە، بەڵام ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە وڵاتینامەی ئەڵمانی نییە.