رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت، بە هاوئاهەنگیی هەواڵگریی نێوان عێراق و لوبنان، یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی دروستکردنی مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن لە ناوچەی بیقاعی لوبنان هەڵوەشێندرایەوە. ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە وردانە بوو کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشکێشی لایەنی لوبنانی کردبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025 وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەمنی و هەواڵگریی پتەوی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەوڵەت لە لوبنان، سوپای ئەو وڵاتە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزی 2025 ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی کرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر کارگەکە و بڕێکی زۆر لەو مادە هۆشبەرانەدا گیرا، کە بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن ئامادەکرابوون. ئەم هەنگاوە وەکو بەهێزترین گورز لە دژی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەسف کرا."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەوڵەت لە لوبنان، لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، سوپاسی هاوکارییەکانی عێراقی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پتەویی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ