وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: یەدەگی ئاوی عێراق تەنیا 8٪ـە

18-08-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، رایگەیاند، یەدەگی ئاو لە عێراقدا گەیشتووەتە 8٪. ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە کێشەی ئاو دروستبووە.
 
رۆژی دووشەممە، تەها عەباس مەحیاوی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتەکە رایگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای لەسەرە، چونکە وڵاتێکی خوارەوەی رووبارەکانە نەک خاوەن سەرچاوە و، پشت بە بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە دەبەستێت، بۆیە لە دابینکردنی ئاودا تووشی قەیران بووە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "کۆی گشتیی یەدەگی ئاو لەم کاتەدا 8٪ـە."
 
هاوکات غەریب ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ بەردانەوەی ئاوی ئەو رووبار و چەمانەی کە سەرچاوەکانیان لە ئێران و تورکیایە، حکومەتی عێراق بەردەوام لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە لەسەر هێڵە.
 
غەریب ئەحمەد گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە و ئامانجیەتی لەو رێگەیەوە تورکیا و ئێران قایل بکەن بە زیاتر بەردانەوەی ئاو.
 
تەها عەباس مەحیاوی گوتیشی: "پلانی وەزارەت کە حکومەت کاری لەسەر کردووە، دابەشکردنی ئاو بۆ سەرجەم پارێزگاکان لەخۆدەگرێت بەپێی ئەو بڕە ئاوەی وەزارەت بەری دەداتەوە، لەم هاوینەدا پێشینە دەدرێت بە پڕۆژەکانی ئاودێری، کۆمەڵگەکان و ئاودانی باخ."
 
مەحیاوی ئاماژەی بەوەکرد: "وەزارەت لەناو هەر پارێزگایەکیشدا کاری کردووە بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆیی و رێکخستنەوەی دابەشکردنی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەفیڕۆدانی ئاوی کەم کردووەتەوە، تاوەکو دادپەروەری لەنێوان جووتیاراندا مسۆگەر بکرێت." جەختیشی کردەوە کە "لەم ساڵی کەمئاوییەدا، پێشینە بۆ ئاوی خواردنەوەیە."
 
رۆژی 11ی ئاب، د. مەهدی قەیسی، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئێستای عێراق لە کەمئاوییەوە گۆڕاوە بۆ دەگمەنیی ئاو، بۆیە پێویستە تیمێکی دانوستاندنکاری تەکنیکیی پسپۆڕ هەبێت کە حکومەت، پەرلەمان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی دادوەری بەشداری تێدا بکەن و بە باڵاترین دەسەڵاتی وڵاتەوە گرێدرابێ."
 
د. مەهدی قەیسی گوتی: "یەدەگی ئاوی کۆگەکراو بۆ کەمتر لە 10 ملیار مەتر سێجا دابەزیوە، لەکاتێکدا ساڵی 2016 بڕەکە زیاتر بوو لە 65 ملیار مەتر سێجا."
 
سەبارەت بە پلانی کشتوکاڵی زستانە، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشبینی ئەوەی کرد کە "پلانی زستانە کەم بێتەوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی گەنم و جۆ لەخۆدەگرێ."
 
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو رۆژی 4ی ئەم مانگە رایگەیاند: "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دادەنرێ کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتەهۆی زیادبوونی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق."
 
رۆژی 9ی ئاب، سەڵاح حاج، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق بە رووداوی گوت: "وشکەساڵیی ئەم ساڵ لە خراپترین ئاستدایە کە لە ساڵی 1933ـەوە عێراق بەخۆیەوە بینیبێتی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە