رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە مووچەکانیان لە سەرووی ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، نانبڕینی یەکجارەکییە و هەوڵی راگرتنی دەدەن.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە "کارێکی خراپە و بۆ ئەم دۆخەی ئێستا گونجاو نییە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "رەنگە ئەم بڕیارە بۆ فەرمانبەرانی عێراق گونجاو بێت کە مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەردەگرن، بەڵام بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو جیاوازە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 7 و 8 وەرنەگرتووە و لە چەند رۆژی داهاتووشدا لە عێراق مووچەی مانگی 9 دابەش دەکرێت."
سۆران عومەر گوتیشی، "حکومەتی عێراق دەبێت دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت،" راشیگەیاند بۆ ئەم مەبەستە نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکات و تێیدا داوای راگرتن یان دواخستنی بڕیارەکە دەکات.
لە کۆبوونەوەی ژمارە 28ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کە لە 01-09-2025 بەڕێوەچوو، چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە دران و لە نووسراوێکدا بڵاو کرایەوە: "بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ زیاد دەکرێ و بۆ هەر کەسێک 1,000 دینار وەردەگیرێ، بەو مەرجەی وەزارەت پارەکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی بەشەخۆراک بەکاربهێنێت. هەروەها بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رادەگیرێ کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە (تەنیا مووچەخۆرەکە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بەشەخۆراکیان وەردەگرن)."
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆیان و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان رادەگیرێ."
بڕیارە لە 01-12-2025ـەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێ. بەپێی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری، "خاوەن کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانیش بەشەخۆراکی مانگانەیان رادەگیرێ."
بەڵام وەزارەتی بازرگانیی عێراق زیادکردنی کرێی دابەشکردن یان گۆڕانکاری لە رێکارەکانی بێبەشکردنی فۆرمی خۆراک لەم کاتەدا رەتدەکاتەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند: "ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێ تەنیا 500 دینارە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە لە هەندێک میدیادا بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی کرێی دابەشکردن یان گۆڕانکاری لە رێکارەکانی بێبەشکردن".
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ