هەندێک بەربژێری سەربەخۆ خواستی بەشداریکردنی حکومەتیان هەیە

18-11-2021
ویسام جبووری
پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی چەند بەربژێرێک لە کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنی چەند بەربژێرێک لە کەرکووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندەرانی تشرین جارێکی دیکە رادەپەڕن، بەڵام ئەمجارە دژی حیزبە دەسەڵاتدارەکان نا، بەڵکو دژی هەندێک نوێنەر کە لە هەناوی خۆپێشاندانەکانەوە هاتنە دەرەوە و ئێستا وەکو خۆیان دەڵێن، بەشێکی نوێنەرانی سەرکەوتوو چوونەتە نێو هەندێک هاوپەیمانیی گوماناوی.
 
حوسام کەعبی، چالاکڤانی تشرینی دەڵێت، "ناکۆکییەک هەیە باڵی کێشاوە. سەبارەت بە هەندێك سەربەخۆ، بە دووری نازانین کە ئەوان خۆیان وەکو سەربەخۆ پیشانبدەن، بەڵام لە راستیدا وا نین، بەڵکو ئەجێندا و ویستی حیزبە کۆنەکان جێبەجێ دەکەن".
 
هەندێک لایەنی دیکە هۆشداری دەدەن لە بەردەوامیی جیابوونەوەی نێو سەربەخۆکان، چونکە بەرەی خۆپێشاندان دژی گەندەڵی لاواز دەکات.
 
مەحموود ریاز، شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، "زۆربەی سەربەخۆکان چوونەتە پاڵ هەندێک لایەنی سیاسی، ئەوان لایەنگرانیان بێئومێد کردووە، ژمارەیەکی کەم سەربەخۆ ماون کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد ببنە فراکسیۆنێک و ببنە ئۆپۆزیسیۆن دژی هەندێک بڕیار لە پەرلەمان، تاوەکو بتوانن خزمەتی گەل بکەن؛ دەکرا بەو هۆیەوە پەرلەمان لە رەنگی حیزبەکان کاڵ ببێتەوە، بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتییەکی دانا نەبوو بۆ سەربەخۆکان".
 
هادی سەلامی، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "بەشێکی سەربەخۆکان هەوڵدەدەن بەشداریی حکومەت بکەن، هەندێکی دیکە دەیانەوێت ئۆپۆزیسیۆن بن، هەردوولاش خۆیان بە راست و دروست دەزانن، بەڵام گفتوگۆ بە ئاراستەی دروست هەیە".
 
هەندێک سەربەخۆی سەرکەوتوو خواستی ئەوەیان هەیە بچنە حکومەتی داهاتوو، بەڵام بەشێکی دیکە پێیان باشە بەرنامەی هەڵبژاردنیان لە فراکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆن جێبەجێ بکەن.
 
فراکسیۆنی سەربەخۆ کە پێشتر لە 40 نوێنەری سەرکەوتوو دامەزرابوو، بووەتە فراکسیۆنێکی بچووک کە رەنگە بە تێپەڕبوونی کات بچووکتریش ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە