رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی دەڵێت، تائێستا سوننەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون و ئاماژە بەوەش دەکات، موسەننا سامەڕائی و خالید عوبەیدی نزیکترین کەسن ئەو پۆستە وەربگرن.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم کە رەوتەکەی بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رۆژی شەممە 18-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیارترین بەربژێرانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بریتین لە موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و خالید عوبەیدی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم.
ئەحمەد عیساوی گوتیشی، "دەنگدانی نێو پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بە نهێنی دەبێت؛ ئەوەی زۆرینەی دەنگ بهێنێت دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان".
ئەندامەکەی دەستەی گشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی باس لەوە دەکات، هەموو لایەنە سوننەکان رژدن لەسەر ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەوان بێت و ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێو سوننەکان نەکراوە و هەر لایەنێک هەوڵدەدات خۆی ئەو پۆستە وەربگرێت و گوتیشی، تائێستا لێکتێگەیشتن لەنێو سوننەکاندا نییە.
رۆژی هەینی 17-11-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، واژۆی 50 پەرلەمانتاریان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان بەدەستگەیشتووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 58ـی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یان 50 ئەندامی پەرلەمان دەتوانن داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات و کۆبوونەوەکەش تایبەت بێت بەو بابەتەی کە پێویستی کردووە داوای کۆبوونەوەی بۆ بکەن"؛ ئەوەش هاتووە، "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران واژۆی زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی رۆژی شەممە 18-11-2023، کۆبوونەوەی نائاسایی بکرێت بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریی ئەنجوومەن".
رۆژی هەینی 17-11-2023، سەفوان گەرگەرى، ئەمینداری گشتیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "واژۆی زیاتر لە پەنجا پەرلەمانتار گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کە رۆژی شەممە دیاریکراوە، سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت".
بەپێی مادەی 55ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان سەرۆکەکەی، جێگرانی یەکەم و دووەمی لە یەکەم دانیشتن و بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێرێت.
هەروەها بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی 12ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یان هەریەک لە جێگرانی بەتاڵ بوو، ئەوا ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەها لە یەکەم دانیشتندا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە جیگرەوەیان هەڵدەبژێرێت.
14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە"؛ هەروەها گوتی، "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری".
سەرەڕای وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێیتیی پەرلەمان لە حەلبووسی، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنەکەی لە هەواڵ و چالاکییەکانیدا هەر بە "سەرۆکی پەرلەمان" ناوی دەهێنێت. بەڵام جاسم عمێری، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، بڕیاری دادگە کۆتاییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ