لە ساڵێکدا هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ عێراق 103٪ زیادیکردووە

18-11-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ عێراق لە ساڵی 2023دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەم ساڵ تائێستا 15 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکراون. 
 
مەنار عوبەیدی، راوێژکاری ئابووری و سەرۆکی سەنتەری عێراقی ئایندە بۆ لێکۆڵینەوە، رۆژی شەممە، 18-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بۆ عێراق لە 2023دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە سەرووی 15 هەزار ئۆتۆمبێل، کە بەهاکەی دەگاتە 229 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی". 
 
مەنار عوبەیدی گوتی "ئەم قەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکییە لە شەش ساڵی رابردوودا بەرزترینە کە بەراورد بە 2022، ئەم ساڵ 103٪ زیادیکردووە".
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی 05-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ساڵێک ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق زیاد دەکات، ئێستا نزیکەی 7 ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو بە هەموو جۆرەکانییەوە هەن. ئەمە وێڕای ماتۆڕسیکل و توکتوک کە ژمارەیان لەنێوان 250- 300 هەزارە. فەرمانگەکانی دەوڵەتیش نزیکەی 300 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆمارکراویان هەیە.
 
بەگوتەی هینداوی، ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل گوشارێکی زۆری بۆ سەر شار و شەقامەکان دروستکردووە، بۆیە ئێستا حکومەت پلانی هەیە رێگەی بازنەیی و شەقامی نوێ دروست بکات بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی، هەروەها هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بەپێی پێویست بێت و هانی گواستنەوەی گشتی بدرێت بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی شەقامەکان.
 
لەو حەوت ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێلەی وەزارەتی پلاندانان دەڵێت تۆمارکراون، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی لێ دەرکراوە. لەکاتێکدا بەپێی دوایین ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، "تاوەکو رۆژی 2022/03/31 لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 993 هەزار و 552 ئامێری گواستنەوە بە فەرمی تۆمارکراون کە ملیۆنێک و 973 هەزار و 778ـیان جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلن و 19 هەزار و 774یشیان ماتۆڕسکیلن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە