رووداو دیجیتاڵ
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری، رایگەیاند: ئەگەر عێراق بتوانێت دامەزراوەکانی بە شێوەیەکی گونجاو بونیاد بنێتەوە، دەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیری ناوچەکە لەبری ئەوەی گۆڕەپانێک بێت بۆ بەرپاکردنی ململانێکان.
سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری، ئاماژەى بەوەدا کە عێراقێکى سەقامگیر نایەتەدی هەتاوەکو سەرجەم هاووڵاتیانی لەبەردەم یاسا یەکسان نەبن و دەوڵەتێکی دادپەروەرانە بێت و گوتى، "نوێنەرانی سوننە پاڵپشتی دەوڵەتێکی بەهێز و هاوبەشییەکى هاوسەنگ و جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن."
ئەو گوتانەى خەمیس خەنجەر لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی- دهۆک بوو، کە ئەمڕۆ سێشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2025 دەستىپێکرد.
سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەری کە یەکێکە لەلایەنە سوننەکان، رایگەیاند: دانیشتووانی ناوچە وێرانبووەکان داوای دەوڵەتێکی دادوەر و رەخساندنی دەرفەتی بەشداری بۆ گەنجان دەکەن، هەروەها گەرەنتیدانی گەڕانەوەی بێ مەرجى ئاوارەکان بەتایبەت لە جورف سەخر و عوجە.
جورف سەخر ناحیەیەکى سنوورى پارێزگاى بابل-ە کە زۆربەى دانیشتووانەکەى سوننە بوون، بەر لەوەى بە هۆى شەڕى داعش لەساڵى 2014 لە ناوچەکەیان ئاوارە بن، کە تاوەکو ئێستا زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە.
هەرچى شارى عۆجەیە، شوێنى لەدایکبوونى سەدام حوسێن، سەرۆکى دەسەڵاتی پێشووى عێراقە، کە لە دواى ساڵى 2003 زۆربەى دانیشتووانەکەى بەجێیان هێشتووە کە سوننەن.
خەمیس خەنجەر گوتى، "سەقامگیری پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان مەرجە بۆ سەقامگیریی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ