رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی دەنگدان نییە. ئەو کێشانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون چارەسەرکراون و ئێستا ئامێرەکان تەنیا دەنگەکان تۆمار دەکەن و دوای کاژێر 6:00یش دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت و لە ماوەی 24 کاژێریشدا ئەنجام رادەگەیێندرێت."
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی دەنگدان نییە. ئەو کێشانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون چارەسەرکراون و دەنگدان بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەدەچێت."
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەوە، د. هەیمان تەحسین گوتی، "ئەنجامی دەنگدانەکە دوای کاژێر 6:00ـی ئێوارە وردە وردە دەردەکەوێت، چونکە ئەو کات ئامێرەکان کۆنترۆڵ دەکرێن بۆ ئەوەی دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن. پێویستە کۆمیسیۆنیش بە فەرمی لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجام بڵاوبکاتەوە."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت، "ئێستا ئامێرەکان تەنیا دەنگەکان تۆمار دەکەن و دەست بە جیاکردنەوەی دەنگ ناکرێت بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت. دوای راگرتنی دەنگدان لە کاژێر 6ـی ئێوارە، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت."
کاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. د. هەیمان تەحسین دەڵێت، "بەگوێرەی یاسا، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی، لە چەند بنکەیەکی دەنگدانیش بە دەست دەنگەکان دەژمێردرێن بۆ بەراوردکردنی ئەنجامەکە بەو ئەنجامەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەیە تاوەکو دڵنیا بین کە وەک یەک دەبێت."
لەبارەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری، د. هەیمان تەحسین گوتی، "هەر کەسێک کارتی وەرینەگرتووەتەوە دەتوانێت تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە سەردانی بنکەکان بکات و کارتەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی دەنگ بدات."
ئەمڕۆ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ