بەغدا دەرگا بە رووی مریشکی هەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە؛ لیژنەیەک دەچێتە بەغدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێکارێکی نوێی بۆ هاوردەکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە راگەیاند، کە پێشتر قەدەخەکرابوو. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش هەنگاوەکە بە "دەستپێشخەرییەکی زۆر باش" ناودەبات و بڕیارە لیژنەیەک بنێرێتە بەغدا.
 
وەلید زورفی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر هاوردەکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی خوارووی عێراق قەدەخە بوو، بەڵام ئێستا رێکارێکمان پێشکێش بە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە و بە جێبەجێکردنی، دەست دەکەینەوە بە وەرگرتنی مریشک لێیان."
 
لە بەرامبەردا فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بە بایەخەوە لەو هەنگاوەی عێراق دەڕوانن و وەک دەستپێشخەرییەکی باش دەیبینن.
 
فیراس سدیق گوتی: "لیژنەیەک پێکهێنراوە و بەم نزیکانە سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکەین بۆ تاوتوێکردنی رێکار و میکانیزمەکانی ناردنی مریشک."
 
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنەکە ستراتیژی بێت نەک کاتی، بۆ ئەوەی دواتر پرۆسەکە رانەگیرێت.
 
فیراس سدیق گوتی: "پێویستە بزانین عێراق چەند مریشکی لێمان دەوێت، تاوەکو بەپێی ئەو بڕەی ئەوان دەیانەوێت، ئالییەتێک دابنێین و هاوسەنگی لەنێوان پڕۆژەکانی پەلەوەر رابگرین."
 
رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەهۆی "مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشی" لە پەلەوەرەوە بۆ مرۆڤ، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەخە کردبوو.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەی پەلەوەرخانەکان و بەرهەمی مریشک بەمجۆرەیە:
 
لە هەرێمی کوردستان 1995 پەلەوەرخانە هەن.
 
ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک گەورە دەکرێن.
 
بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک دەگاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن.
 
پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆ 146 هەزار تۆنە.
 
ساڵانە نزیکەی 104 هەزار تۆن گۆشتی مریشک لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

عێراق: پێشوازى لە دەنگدانە مێژووییەکەى کۆنگرێس دەکەین

وەزارەتى دەرەوەى عێراق پێشوازى پەسندکردنی یاسایەک کرد لەلایەن ئەنجوومەنى پیرانى ئەمریکا، کە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەى رێگەپێدانى بەکارهێنانى هێزى سەربازى لە دژى عێراق، بەڵام راگەیاند ئەو یاسایە هەوڵەکانى بنبڕکردنى تیرۆر پەک ناخات.