رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەینێ کاژێر 10:00 دوای تێپەڕینی سێ مانگ لە ساڵی 2021 بودجەی ئەمساڵ پەسندبکرێت، لەبارەی بودجەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ ئاڵا تاڵەبانی رایگەیاند: "ئەگەر بودجە پەسندبکرێت، بودجەی سێ مانگی رابردوو دەنێردرێت واتە لە 01-01-2021ـەوە ئەژمار دەکرێت"
ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی داواکاریی لایەنە سوننەکان و کێشەیان لەبارەی دابەشکردنی بودجە بۆ پارێزگاکان کۆبوونەوەی پەرلەمان دواکەوتووە".
هەروەها لەبارەی جێبەجێکردنی بودجەی 2021 ئاڵا تاڵەبانی دەشڵێت: "هیوادارین ئەمشەو دەنگبدەین و لە سبەینێوە دەچێتە واری جێبەجێکردن"
لەبارەی کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ سبەی کاژێر 10:00 دواخراوە".
دواتر بەشیر حەداد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند: "کۆی یاساکە لەنێو لیژنەی دارایی تەواو نەبوو، بەڵام کێشە لەسەر بەشی کورد نییە، هەندێک کێشە لەسەر داواکاریی شیعەکان هەیە، بۆیە کۆبوونەوەی دواخرا."
هەروەها ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی دواکەوتنی کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک وردەکاریی کەم ماون و هەندێک پێشنیازی دیکە هەن، لەبەر ئەوە کات نییە، چونکە هەر پێشنیازێک دەبێت بنووسرێت و ئێستاش کات نەماوە".
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە و نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن، بەڵام ئەمڕۆ لایەنە شیعەکان دەقێکی جێگرەوەیان لە بری ماددەی 11 پێشکێشکرد کە داوای 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان دەکرد.
لە کۆبوونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە ماددەکانی دەقە جێگرەوەکە لابراون و بڕیارە هەرێمی کوردستان داتای 460 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات، و دواتر 30 هەزار بەرمیل نەوت بۆ کارەبا و 180 هەزار بەرمیلی دیکەی بۆ تێچووی دەرهێنان، هەروەها 20 هەزار بەرمیل بۆ پەترۆدۆلار دەدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ