رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و جەزیرە (بەشێکی ئەنبار) کرد.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە واژۆی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی لەسەرە و ئەمڕۆ 19ی ئادار بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە بە سپاردنی ئەرکی سەربازی ئەو ناوچانە بە چەند فەرماندەیەکی دیکە.
سوودانی فەرمانی کردووە کە فەریق روکن نوعمان عەبد نەجم بکرێتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، لیوا روکن فائز فازڵ ئەحمەد بکرێتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و لیوا روکن عیماد عوبێد شنێت، پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەلاحەدین وەربگرێ.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، فەرماندە پێشووەکانی ئەو ناوچانە بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا گوێزراونەتەوە.
رۆژی 5ی ئەم مانگەش وەک بەشێک لە رێکارە نوێیەکان و لە کاردانەوەی "کەمتەرخەمییەکان"، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە لادانی سەرجەم بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکان لە سنووری کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ