رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن هێزێکی ئەمریکی هەڵیکوتابێتە سەر بارەگایەکی ئەمنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا.
رۆژی پێنچشەممە 19ـی ئاداری 2026، عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە لە هەندێک پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، سەبارەت بەوەی "هێزێکی ئەمریکی هەڵیانکوتابێتە سەر لیوای پێنجی سەر بە فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و مۆبایلی ئەفسەر و کارمەندەکانیان لێ سەندبن".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە روونکردنەوەکەی دا رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و رەتدەکرێنەوە. داوا لە میدیاکان و هاووڵاتییان دەکات لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەدات لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و رایدەگەیێنێت: "دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، چونکە بەپێی یاسا سزای قورسی لەسەرە."
بەرەبەیانی رۆژی پێنچشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە، هێزێکی تایبەتی ئەمریکی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای لیوای پێنجی (وەڵامدانەوەی خێرا) لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا. باس لەوە دەکرا ئەو هێزە مۆبایلی سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی بارەگاکەیان سەندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ