لە نەینەوا و سەلاحەدین هێرش کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی؛ کوژراو و بریندار هەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی پێنجشەممە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەلاحەدین، بەهۆیەوە چەند چەکدارێکی حەشد کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
 
دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویکردووەتەوە کە بەیانی ئەمڕۆ (19ی ئاداری 2026)، هێزەکانیان لە چەند ناوچەیەک کراونەتە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، لە دەشتی نەینەوا فەوجی چواری سەر بە لیوای 30ی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراوە، کە لە ئەنجام دا چەکدارێک کوژراوە و دوو چەکداری دیکەش برینداربوون.
 
پارێزگای سەلاحەدین و بەتایبەت قەزای بێجی، پشکی شێری هێرشەکانیان بەرکەوتووە. بەپێی راگەیێندراوی حەشد، لە نزیک فڕۆکەخانەی سینیە لە سنووری بێجی، هێرش کرایە سەر خاڵێکی لیوای 31 (رەوتی ریسالیوون)، لەوێش چەکدارێک کوژرا و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.
 
هەر لە قەزای بێجی، بارەگای لیوای شەشی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراوە و سێ چەکداریان برینداربوون، کە تەندروستیی یەکێکیان خراپە.
 
ئەمە دووەمجارە لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای بێجی بکرێنە ئامانج.
 
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بەردەوامیی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا، گواستنەوەی بریندارەکان زۆر ئەستەم بووە.
 
بەگوتەی دەستەکە، تیمەکانی فریاگوزاری چەند جارێک لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە و هێرش کراوەتە سەر تیمەکانیان، ئەمەش وایکردووە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بریندارەکان بە سستی بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە