رووداو دیجیتاڵ
بنکەیەکی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە بابل کرایە ئامانج. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەتیدەکاتەوە بۆردوومانەکەی کردبێت. ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران و خۆیان بە (موقاوەمەی ئیسلامی عێراقی) ناودەبەن، دەڵێن، کاردانەوەیان هەبووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
نزیکەی کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە پارێزگای بابل بیسترا.
دواتر ئاگرێکی گەورە لە بنکەیەکی حەشدی شەعبی کەوتەوە. دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تەقینەوە" لە بنکەی سەربازیی کالسۆ لە ناحیەی مەشرووع روویداوە.
بارەگاکەی حەشد شەعبی دەکەوێتە سەر رێگەی خێرای باکووری پارێزگاری بابل.
دوای رووداوەکە تیمێکی لێکۆڵینەوەی حەشدی شەعبی دەستبەجێ گەیشتە شوێنەکە و حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، "تەقینەوەکە زیانی مادی و برینداری هەبووە. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکە وردەکارییەکەی بڵاودەکەینەوە".
ڤیدیۆی بۆردوومانەکەی بابل گەیشت؛ ساتی هێرشەکەی سەر بنکەی کالسوو ببینە، حەشدی شەعبی دەڵێت: "ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجامداوە" pic.twitter.com/5hfVVT5Rpb
— Rudaw (@Rudawkurdish) April 19, 2024
موهەند عنزی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بابل دەڵێت، "پێنج تەقینەوە لەو شوێنە روویانداوە و لە ئەنجامدا سێ چەکداری حەشد بریندار بوون. هێرشەکەش بە مووشەک بووە، نەوەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەبو فەدەک محەممەداوی، سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی چووە شوێنی رووداوەکە.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) خۆی بێبەری کرد و رایگەیاند، ئەمریکا بۆردوومانی لە عێراق نەکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە کە گوایە ئەمریکا هێرشەکەی ئەنجام داوە، دروست نین.
هەروەها هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، "هیچ بۆردوومانێکیان لە عێراق نەکردووە".
هەر لەوبارەوە (موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن ئامانجێکیان لە ئیلات لە ئیسرائیل بۆردوومان کردووە.
(موقاوەمی ئیسلامیی عێراق) دەڵێت، لەو هێرشانەیان بەردەوام دەبن، ئەوەش وەڵامە بۆ "کۆمەڵکوژییەکانی زایۆنی" بەرامبەر فەلەستینییەکان و "پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق کە بارەگەکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ